بەغداد - INA
سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید ئەمرۆ چوارشەممە، جەختیكردەوە لە پێویستی گرنگیدان بە چینی هەژاران و كەمدەرامەتەكان و پێشكەشكردنی هەموو پشتیوانییەكی پێویست بۆیان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید ، ئەمڕۆ چوارشەممە 8-3-2023، لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی.
هەر لەبەیاننامەكەدا هاتووە، كە سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە پێویستی گرنگیدان بە توێژی هەژار و كەمدەرامەت و پێشكەشكردنی هەموو پشتیوانییەكی پێویست بۆیان، هەروەها ئاسانكاریكردن بۆ ڕێكارەكانی بەشداریكردنیان لە تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی و دابینكردنی دەرفەتی كار بۆ بێكاران و گرنگیدان بە خوێندكاران و پشتگیریكردنی پڕۆژەی بچووك و كەرتی تایبەت كە دەرفەتی كار دەڕەخسێنن.
سەرۆك كۆمار باسی لە ئەو پێشهاتە ئەرێنییانە كرد كە شارەكانی عێراق بە خۆیەوە دەبینێ، بەتایبەت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزاریی ، جەختیكردەوە لەسەر پێویستی سود وەرگرتن لەو دۆخە ئەمنییە ئەرێنیەی كە ئێستا هاتۆتە كایەوە و پەرەپێدانی هەوڵاكان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان.
هاوكات سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بە گرنگی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری و ئاسانكاری كردن بۆ دڵنیابوون لە تەواوبوونی مامەڵەی هاوڵاتیان بە شێوەیەكی خێرا، هەروەها كاركردن لەسەر ستراتیژییەكانی نەهێشتنی هەژاری.
لای خۆیەوە وەزیری كار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێنماییەكانی سەرۆك كۆمار دەربڕی، باسی لە ڕەوتی كاری وەزارەت و پلانەكانی داهاتووی كرد بۆ پەرەپێدانی كاركردن و گەیشتن بە ئامانجەكان.
هەروەها جەختیكردەوە لە گرنگی هەمواركردنی پرۆژەی قانونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، كە یارمەتی زۆرێك لە هاووڵاتیان دەدات بۆ بەشداریكردن لە كەرتی تایبەت.
ئەسەدی ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەت بەرنامەیەكی هەیە بۆ ئەوەی سەردانی مەیدانی بكات بۆ بینینی كێشەو ئازارەكانی هاوڵاتیان لە هەموو پارێزگاكان و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەریان.