بەغداد - INA
عەباس عەلیاوەیی وەزیری كشتوكاڵ ئەمڕۆ شەممە، جەختیكردەوە لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ قەیرانی ئاو لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەو، هاوكات ئێران تەئكیدی لەسەر ئامادەیی خۆی كردەوە بۆ ئەوەی بەشداری بكات لە گەیشتن بەو چارەسەرانەی كە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان دەپارێزن.
وەزیری كشتوكاڵ بەئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: لەمیانەی ئامادەبونیدا لە پانێلێكی گفتوگۆی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی لەسەر قەیرانی ئاو تەئكیدیكردەوە كە ئەم كۆنفرانسانە زەمینەیەكی فراوان بۆ ئەو توێژینەوانە دەرەخسێنن كە كێشەكانی ئاو دیاری بكەن و چارەسەری گونجاو بدۆزنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: كە عێراق لەپلەی پێنجەمی وڵاتانی ژێر كاریگەری گۆڕانی كەشوهەوادایە و دەبێت چارەسەری گونجاو بۆ هەموو لایەنەكان بدۆزرێتەوە بۆ دابینكردنی ئاوی پێویست بۆ كشتوكاڵ و بەكارهێنانی لەلایەن مرۆڤەوە.
هاوكات لەلایەن خۆیەوە عەلی ساڵح پور، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی هاوكاریمان بكات بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئاو لە نێوان هەردوو وڵات و بە دوای ئەوەداین كە لە ئاڵنگارییەكان باشتر تێبگەین،و جەختیشی لەهەوڵی وڵاتەكەی كردەوە كە لەڕوانگەی ناسیاسییەوە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو بكات و بەرژەوەندییە هەرێمییەكانی هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران بپارێزێت.
پور وتیشی: دەكرێت دۆخەكە چارەسەر بكرێت لە ڕێگەی هاوبەشییەكی بنیاتنەرانەی نێوان عێراق و ئێرانەوەو ڕەوشی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر ئاستی ئاو و هەوا زۆر مەترسیدارە و پێویستە بەرپرسانی هەردوو وڵات گرنگی بەوە بدەن.
هەروەها ئیبراهیم بەحرلعلوم ئەمینداری گشتی كۆڕبەندی بەحرلعلوم بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕونیكردەوە: بەستنی ئەم كۆڕەبەندە بە مەبەستی گفتوگۆكردنە لەسەر قەیرانەكان بە شێوازێكی كۆمەڵایەتی دوور لە كەش و هەوای گرژی ، و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كە لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادەبوون بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دیمەنەكانی هاوكاری هاوبەش لە بەڕێوەبردنی ئاو لە ناوچەكەدا.