بەغداد - INA
ئەنتۆنیۆ گۆتێریس سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە پشتیوانی نەتەوەیەكگرتووەكانی بۆ هەوڵەكانی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دووپاتكردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی سەردانی پارێزگای نەینەوای كرد بە یاوەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنتۆنیۆ گۆتێریس و شاندی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق جینین پلاخارت و شاندێكی باڵای حكومەت كە پێكهاتبوو لە وەزیری كۆچ و كۆچبەران ئیڤان فایق جابرۆ و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی حەمید شەتری و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان فەریق روكن قەیس محەمەداوی و نوێنەری سەرۆك وەزیران زیدان خەڵەف، شاندەكە لەلایەن نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەواوە، فەریق روكن مەحمود ئەلفەلاحی، پێشوازیكران.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: ئەعرەجی بە یاوەری شاندەكە سەردانی سەنتەری جدعە بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆمەڵگا كرد بەمەبەستی بینینی بارودۆخی ئاوارەكان و ئاستی ئاوەدانكردنەوەی دەروونی كە حكومەتی عێراق دابینیكردووە، بە هاوكاری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە: سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندی یاوەری لەگەڵ شاندی حكومەت و نوێنەرانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی لە ناوەندی جدعە بۆ چاكسازی كۆمەڵگا كار دەكەن كۆبوونەوە.
ئەعرەجی جەختی لەوەكردەوە: كە سەردانەكەی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ناوەندی جدعە بۆ بینینی بارودۆخی ئاوارەكانە لە نزیكەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: كەسكرتێری گشتی بە كورتی گوێی لەهەوڵە مەزنەكانی حكومەتی عێراق گرت بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانانەی كە لەبارودۆخی سەختدا بوون و تێكەڵی كۆمەڵگا بوون، وتیشی: عێراق لەخەباتدایە بۆ ئامێزگرتنی هەموو هاوڵاتیانی و نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكارمانە بۆ یارمەتیدانی عێراق لەم بوارە مرۆییەدا، هەروەها ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە بەرامبەر بە عێراق، دوای ئەوەی عێراقییەكان لە بەرامبەر فەتوای مەرجەعیەتی رەشیدا باشترین نەوەی خۆیان لە بەرگری لە نیشتمان و شوێنە پیرۆزەكاندا بەخشی.
وتیشی: بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری نەك تەنیا بۆ عێراق بەڵكو بۆ هەموو جیهان سوودی هەیە.
لە بەرامبەردا گۆتێریس رایگەیاند: سەردانەكەی بۆ پارێزگای نەینەوا بە تایبەتی سەنتەری جدعە بۆ چاكسازی كۆمەڵگا گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ بینینی دۆخی ئاوارەكان و ئاماژەی بەوەشكرد: كە زۆربەی ئەو ئاوارانە ژن و منداڵن، هەروەها سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەكانی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دەربڕی و داوای لە وڵاتەكان كرد ڕۆڵی خۆیان ببینن و نەتەوەكانیان لە كامپی هۆلی سوریا بگەڕێننەوە.