بەغداد - INA
سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمرۆ چوارشەممە، سێ دۆسیەیان تاوتوێكرد.
بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتی كۆمار كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید ، ئەمڕۆ چوار شەمە، لەكۆشكی بەغداد، پێشوازی لەئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەنتۆنیۆ گۆتێریس و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوون لە یاریدەدەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری سیاسی و بونیادنانی ئاشتی، روزماری دی كارلۆ و نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی لە عێراق جنین پلاسخارت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە لە میانی دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس باسیان لەو هەوڵانە كرد كەنراون بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و میكانیزمی كاری نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و ئەو ڕۆڵەی كە شانبەشانی هەوڵە نیشتمانییەكان دەیگێڕێت، هەروەها ڕۆڵی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان لە عێراق لە پاڵپشتیكردنی ڕاگۆێزراوان و ئاوارەكان كرد، لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار خواستی عێراقی دووپاتكردەوە بۆ پشتیوانیكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاریكاری و كاری هاوبەش بۆ دابینكردنی پێداویستییە مرۆییەكانی خێزانە ئاوارەكان.
هەروەها سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەكرد: كە هەزاران خێزانی ئاوارە لە دۆخێكی زۆر كارەساتبار و ئاڵۆزدا دەژین، هیوادارین بە هاوكاریی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم كێشە مرۆییە چارەسەربكرێ بە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و ئاوەدانكردنەوەی شاری شنگال بەگوێرەی ڕێككەوتنی شەنگال.
رونیشیكردەوە: كە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین كاریگەریی گۆڕانی كەشوهەوای لەسەرەو بەدەست كەمیی ئاو و وشكەساڵی و بیابانبوونەوە دەناڵێنێت، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر لایەنە جیاوازەكانی ژیان هەبووە، هەروەها خواستی عێراقیشی لە بەدەستهێنانی پشكی دادپەروەرانەی ئاو خستە ڕوو .
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆك كۆمار، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گۆتێرێس دەربڕی بۆ بانگهێشتنامەكەی بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ئاو بۆ گەشەپێدانی بەردەوام وهیوای سەركەوتنی بۆ كۆنفرانسەكە و بەشداریكردن لە چارەسەركردنی كێشەی كەمی ئاوی خواست.
هاوكات سەرۆك كۆمار تیشكی خستە سەر كارنامەی حكومەت كە بریتییە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی، سنوورداركردنی گەندەڵی، بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری، پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری پێویست بۆ عێراقییەكان، هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنانی باش بۆ بەڕێوەبردنی كارگەكان و ڕەخساندنی دەرفەتی كاری نوێ، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ بەردەوامی گفتوگۆ لە نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵدا، بۆ لەیەكگەیشتن و چارەسەری گونجاو، و كاركردن لەسەر هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر پەسەندكردنی یاسای نەوت و گاز.
لای خۆیەوە گۆتێرێس خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیكردنی عێراق دەربڕی كە بەگرنگترین سەردان وەسفی كرد، هەروەها خۆشحاڵی خۆی بە دیداری سەرۆك كۆمار دەربڕی و ستایشی دۆخی سەقامگیری ئەمنی لە وڵات و هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار كرد بۆ كەمكردنەوەی ئازار و نەهامەتی ئاوارەكان.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، جەختیشی لەوە كردەوە: كە نەتەوە یەكگرتووەكان هاوشانی عێراق دەوەستێت و پاڵپشتی هەموو هەوڵەكانی دەكات بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەكەی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كە ڕێكخراوی نێودەوڵەتیەكان پابەندن بە پێشكەشكردنی پاڵپشتی بە ئاوارەكان و كۆتاییهێنان بە ئازار و نەهامەتیەكانیان.
هاوكات خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریكردنی عێراق لە كۆنفرانسی ئاو لە نیویۆرك و ئاماژەی بەوەدا كە بارودۆخی عێراق ئێستا بەرەو باشتر گۆڕاوە و گوتیشی: كە عێراقییەكان یەكگرتوون، و یەكڕیزی و هاریكاریی پێكەوەییان ڕێگری لە دەستوەردانی دەرەكی دەكات.
لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشتی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ حكومەتی عێراق دووپات كردەوە.
هەر لە دیدارەكەدا باس لە دوایین پێشهاتە سیاسیی و ئەو هەوڵانە كرا كە دەنرێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا، جگە لە ئەو بابەتانەی كە جێی بایەخی هەردوولان.