بەغداد - INA
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران ئەمرۆ پێنجشەممە، وردەكاری ئەو 150 پڕۆژەیەی لەبەغداد ئاشكراكرد كە ئەمڕۆ بەبۆنەی سەد ساڵەی دامەزراندنی سكرتارییەتی پایتەختەوە رەزامەندیدا دەستیان پێبكرێت
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، لەئاهەنگی یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی سكرتاریەتی بەغدایی پایتەختدا، رەزامەندی دا لەسەر جێبەجێكردنی 150 پرۆژەی خزمەتگوزاری و پێشخستنی شاری بەغدا.
ئاشكراشیكرد: ئەم پرۆژانە بەچوار قوناغ جێبەجێ دەكرێن، قوناغی یەكەم بەدەستپێكردنی جێبەجێكردنی حەفتا پرۆژەی پێشخستن و جوانكردنی شەقامەكان دەبێت و بەرووبەری 8 ملیون مەتر چوارگۆشە. قوناغی دووەم بەجێبەجێكردنی 35 پرۆژەی پرد و ئۆڤەرپاس و گواستنەوەی گشتی و نیشتەجێبوون دەست پێ دەكات.
لەقوناغی سێیەمدا، دەست بەجێبەجێكردنی بیست وشەش پرۆژەی كەرتی تەندروستی و 33 پرۆژەی ئاوی خواردنەوە دەكرێت. قوناغی چوارەمیش بە9 پرۆژە دەستپێ دەكات بۆ زیاكردنی رووبەری سەوزایی و چاندنی نەمام و چارەسەركردنی پاشماوەكان. هەروەها بەردەوامیدان بەجێبەجێكردنی پرۆژەكانی دیكە لەبواری رۆشنبیری و جوانكاری و ناسنامەی كلتووری، لەوانە زیندووكردنەوەی شەقامی رەشید و سەنتەری مێژوویی شاری بەغدا و ئامادەكردنەوەی مووزەخانەی بەغدا و پاراستنی ماڵە كلتووریەكان.
سەرۆك وەزیران لەوتەیەكدا كەبەم بۆنەیەوە پێشكێشی كرد پیرۆزبایی لەسكرتاریەتی بەغدا و كارمەندانی كرد بەبۆنەی یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی، و ئاماژە بەوەشدا كەبەغدا شاری هێمای كۆكردنەوەی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق و ناسنامەی عێراقە، بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێت رەوشی ئەم شارە باشتر و جوانتر بكرێت.
هاوكات سودانی دووپاتیكردەوە: كەحكومەت پەرۆشە بۆ ئەوەی یەكەم وێستگەی كاری تیمی خزمەتگوزاری و ئەندازیاری لەبەغدایی پایتەخت بێت، لەپێناو چارەسەركردنی كەموكوریەكانی بواری خزمەتگوزاری سەرەكی لەچەندین گەرەك دا، هەروەها بروابوونی خۆی دەربڕی بەكارمەندانی شارەوانی و سكرتاریەتی بەغدا وبەهەوڵەكانیان بۆ بەدەستهێنانی هیوا و ئاواتی هاووڵاتیان سەبارەت بەخزمەتگوزاریە پێویستیەكان.