حكومەتی كوردستان: لێكتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ بەغدا هەیە

سیاسی
  • 23-02-2023, 16:05
  • +A -A

     هەولێر –INA

    جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تیمی یاسایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە و لێكتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیدا هەیە، دەمانەوێت لەسەر یاسای نەوت و غازیش لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن بكەین و بەغدا هیچ پێشنیازێكی لەو بارەیەوە ڕەت نەكردووەتەوە.
    جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێر ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیی بۆ رایگەیاند: ڕێككەوتنمان لەگەڵ حكومەتی بەغدا لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا دبێت، ئێمە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا ئامادەییمان هەیە و هاوبەشی تەواومان دەوێت.
    هەروەها ڕایگەیاند" تیمی یاسایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە و لێكتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیدا هەیە".
    وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتیشی، ئەمڕۆ شاندێكی یاسایی حكومەتی هەرێم گەیشتوەتە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوت كۆدەبێتەوە، هەروەها شاندێكی دیكەش بەمەبەستی گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆدەبێتەوە.
    ئاماژەی بەوەشكرد، "رێژەی 12.67% بۆ هەرێم نادادپەروەرانەیە بەرامبەر كوردستان"، ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەم ڕێژەیە لەسەر بنەمای كارتی بەشەخۆراكی ساڵی 2014 دانراوە، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا ژمارەی هاوڵاتیانی هەرێم زیادیكردووە". 
    ناوبراو وتیشی هیچ رێككەوتنێك نییە بۆ فرۆشتنی نەوت بە توركیا بۆ ماوەی 50 ساڵ بەڵكو رێككەوتن هەیە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەناوی خاكی توركیادا، بۆیە بابەتی دۆسیەی فرۆشتنی نەوت بابەتێكە حكومەتی هەرێم بە شەفافیەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكات.