بەغداد - INA
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند پرسێكی گرنگی هەردوو وڵاتیان تاوتوێ كرد لەوانە ئاسایشی سنوور و بەستنەوەی هێڵی شەمەندەفەر.
حسێن لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئێرانیەكەی كە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، رایگەیاند: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆمان لەسەر چەند پرسێكی گرنگی هەردوو وڵات كرد و بارودۆخی ئەمنی و سنووریش بەشێك بوو لەگفتوگۆكانمان.
وتیشی: حكومەتی عێراق كۆمەڵێك ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی سنوور لەگەڵ ئێران، ڕوونیشیكردەوە: كە دەستووری عێراق رێگی دەكات لە بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ، و ئاشكراشیكرد: باسی شایستە داراییەكانی ئێرانیمان كرد كە پەیوەندی بە كڕینی گازەوە هەیە، ئەمەش بەشێك بوو لە گفتوگۆكانی واشنتۆن.
راشیگەیاند: لە دۆسیەی بەستنەوەی شەمەندەفەر هەنگاو هەیە و هاوكات كێشە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان و ئەنجامەكانی سەردانەكەی واشنتۆنی پەیوەست بە لایەنی ئێرانی تاوتوێ كران، ئاماژەی بەوەشدا: كە گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لە نێوان ئێران و ئەمریكا بۆ عێراق گرنگە.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان رایگەیاند: ئێران پشتگیری عێراقێكی یەكگرتوو و سەربەخۆ و بەهێز و خاوەن بریاری خۆی دەكات، و جەختیشی لە پێویستی خێراكردنی دۆسیەی بەدواداچوونی تیرۆركردنی سەركردەكانی سەركەوتن كردەوە، و ڕوونیشیكردەوە: كە هێز و پێشكەوتنی عێراق هێز و ئاسایشی ئێرانە.
ئاماژەی بەوەشدا: كە لەچوارچێوەی لیژنەی ئەمنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران گفتوگۆی گرنگ ئەنجامدراو پشتیوانیش دەكەین لەپتەوكردنی ئاسایش و سەروەری عێراق لەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: حكومەتی عێراق سورە لەسەر ئەوەی كە عێراق نابێتە سەكۆی هەڕەشەكردن لە وڵاتانی دراوسێ و هەوڵەكان لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق بەردەوامن و هەروەها ستایشی هەوڵەكانی عێراقی كرد بۆ پەرەپێدانی دیالۆگی نێوان تاران و ڕیاز.