سەرۆکی حکومەت دوو بڕیار لە بارەی گرنگیدان بە زمانی کوردی دەر دەکات

ناوخۆ
  • 21-02-2023, 17:04
  • +A -A

    هەولێرـINA
     ئەمڕۆ سێشەممە 2/21 هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک دەرکرد. 
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەینرداوێکدا کەبۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە وتێدا هاتووە، یەکەم فەرمان،لە پێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەک زمانی دایک، بڕیارماندا بە :
    ڕاسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، بە ئامادەکردنی پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بەمەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
    فەرمانی دووەم: پشت بەست بە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە ( ٦)ی ٢٠١٤ ، لە پێناو پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان ، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان و نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەری وڵاتان و ڕێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت ، بە پێی حوکمەکانی یاسای ئاماژەپێدراوی سەرەوە. 
    هەروەها لە هوتيل و شوێنە گەشتیاری و ڕێستورانتەکان ، دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنماییەکان، بەزمانی کوردیش هەبێت.