هەولێرـINA
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەوساف سەعید بریکاری وەزارەتی دەرەوەی هیندستان کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لەڕاگەیندراوێکدا کەبۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، ڕاگەیاند: لە دیدارەکەدا کە پراشانت پیسی باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و سوبهاش چاندرا کەین کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر ئامادەی بوون،
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی هیندستان، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی و تەندروستی و تەکنەلۆجیای زانیاری و کاراکردنی سیستەمی بانکی دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر کارنامەی حکومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان . لەم ڕووەوە سەرۆکی حکومەت ، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هیندستان دووپات کردەوە.