هه‌ولێر ـ INA
هه‌ر له ميونشن، ئێواره‌ى دوێنێ شه‌ممه، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌يمه‌ن ئه‌لسه‌فه‌دى، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئوردن، کۆبووه‌وه.
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه راگه‌یاند" سه‌ره‌تا ئه‌لسه‌فه‌دی، سڵاو و ڕێزی شا عه‌بدوڵڵای دووه‌می شای ئوردنی به سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی گه‌یاند، پاشان ده‌رباره‌ى بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئوردن و كاركردن بۆ فراوانكردنى چالاكيى بازرگانى و ئابوورى له‌نێوان هه‌ردوولادا، بيروڕايان گۆڕييه‌وه.
دۆخى سياسى و ئابوورى و ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو. تيايدا هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى وڵاتانى ناوچه‌كه بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و بره‌ودانى زياتر به بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش.
ئاماده‌يى و ڕۆڵى عێراق له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه و نێوده‌وڵه‌تى، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و چه‌ند پرسيكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.