هەولێر – INA
لە چوارچێوەی دیدارەكانیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پۆڵ ریچارد گاڵاگەر، وەزیری دەرەوەی ڤاتیكان كۆبووەوە.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پۆڵ ریچارد گاڵاگەر، وەزیری دەرەوەی ڤاتیكان كۆبووەوە.
هەروەها ئەوەیش هاتووە:" پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڤاتیكان، دۆخی هەرێمی كوردستان و رەوشی پێكهاتە ئایینییەكان، بار و گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، دۆخی پێكهاتەی مەسیحی لە هەرێمی كوردستان و عێراقیان تاوتوێ كرد".
هەروەها نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی ڤاتیكان و دوا سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی.
هەروەها جەختی لەوە كردەوە، هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بە لانكەی پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و لێبوردەیی بۆ هەموو پێكهاتەكانی دەمێنێتەوە.
لە راگەیێندراوەكە ئەوەیش هاتووە، وەزیری دەرەوەی ڤاتیكان، "وێڕای نیشاندانی پشتگیریی ڤاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵی و پێزانینی ڤاتیكان و قەداسەتی پاپای بۆ ئەزموونی پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و لێبوردەیی لەنێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیییەكان لە هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. هەروەها هەڵوێستی مرۆڤدۆستی و میوانپەروەریی هەرێمی كوردستانی بەرامبەر بە ئاوارە مەسیحییەكان و ئاوارەكان بەگشتی، بە مایەی رێز و ئەرێنی هەڵسەنگاند."