بەغداد - INA
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران ئەمرۆ پێنجشەممە، لەپەیامێكدا بۆ بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا تەئكیدی لە پشتیوانیكردنی عێراق بۆ هەوڵەكانی سوریا كردەوە بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی بومەلەرزەكە.
دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی فالح فەیاز پەیامێكی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی بە بەشار ئەسەد گەیاند و تێیدا سەرەخۆشی دڵسۆزانەی خۆی ئاراستەی ئەسەد و گەلی سوریا كرد بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە وێرانكەرەكە، و جەختیشیكردەوە كەعیراق بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی حكومەتی سوریا بەهەموو تواناكانییەوە بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی ئەو بوومەلەرزەیەی لە سوریای داوە.
بەپێی بەیاننامەكە فەیاز جەختی لەوەكردوەتەوە، كە گەلی عێراق بە هەموو جۆرەكانییەوە پەلەیان كردووە لەڕۆژانی سەرەتای كارەساتەكەدا بۆ ئەوەی توانای خۆیان بۆ دابینكردنی هەموو جۆرە هاوكاری و كۆمەكێك بۆ براكانیان لەناوچە زیان لێكەوتووەكانی سوریادا دابین بكەن و ڕۆژانەش بەردەوامن لە ناردنی ئەم هاوكارییانە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: كە سەرۆكی سوریا ستایشی پێگەی عێراقی كردووە لە ئاستی فەرمی و جەماوەری و خێرایی وەڵامدانەوەی بەرامبەر سوریا بە لەبەرچاوگرتنی كە پەیوەندی خوێن و برایەتی نێوان گەلانی سوریا و عێراق و ئەو بەرەنگارییە هاوبەشانەی كە لە قۆناغە جیاوازەكاندا ڕووبەڕوویان بوونەوە، هەمیشە لێك نزیكیان كردۆتەوە، و ئەوان پشتگیری یەكتر دەكەن چونكە بە تەواوی ئاگاداری ئەوەن كە ئەوەی بەسەر وڵاتێكدا دێت كاریگەری لەسەر ئەوی تر هەیە.