قوباد تاڵەبانی: ئابوری و كەرتی تایبەت بێ رێكخستنەوەی سیستمی بانكی پێشناكەوێت

سیاسی
  • 16-02-2023, 16:58
  • +A -A

    سلێمانی - INA
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە میانەی بەشداریكردنی لە سێیەمین پێشانگای تێكفێست لە سلێمانی رایگەیاند: خاڵی لاوازی ئابوری كوردستان نەبوونی سیستمێكی بانكی پێشكەوتووە، بۆیە كاردەكەن بۆ رێكخستنەوەی سیستمی بانكی.
    لە پێشانگای تێكفێست كە ئەمڕۆ پێنج شەمە 16 شوباتی 2023 بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی رێكخەران و بەڕێوەبەرانی سێیەمین پێشانگای تێكفێستی كرد و رایگەیاند: تێكفێست داهاتووی كوردستانە و چەندە بتوانین پشتگیری گەنجە داهێنەرەكانمان بكەین بۆ داهێنانی تەكنەلۆژیا، ئەوەندە خزمەتی داهاتووی وڵاتەكەمان دەكەین.
    سەبارەت بە تواناكانی گەنجانی كوردستان لەڕووی تەكنەلۆژیا و داهێنانەوە ئاماژەی بەوەدا: گەنجانی كوردستان توانای خۆیان سەلماندوە، ئەركی حكومەتە بۆ پەرەپێدان بە توانای گەنجان، ژینگەیەكی لەباریان بۆ دابین بكات.
    قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد: لە ماوەی رابردوودا كاریانكردوە بۆ ئەوەی گەنجان ئاسانتر بتوانن ببنە خاوەنی بزنسی خۆیان، ئەگەر پێشتر تۆماركردنی كۆمپانیایەك چەند مانگ كاتی پێویست بوایە، ئێستا دەتوانرێت لە ماوەی رۆژێكی كاركردندا جێبەجێ بكرێت. 
    لە بەشێكی دیكەی پانێلكەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە پێویستیی دروستكردنی هەماهەنگیی بەهێز لەنێوان زانكۆ و ناوەندە ئاكادیمییەكان لەگەڵ بازاڕ و دامەزراوەكانی حكومەت كرد، و رایگەیاند: بۆ بڕیاردان پێویستە پشت بە توێژینەوە زانستییەكان ببەستین نەك بۆچوونی كەسیی خۆمان بۆ ئەوەی كەمتر بڕیاری هەڵە بدەین، پێویستە زانكۆكان و ناوەندە ئاكادیمییەكان بە توێژینەوەكانیان؛ حكومەت و بازاڕ و كەرتی تایبەت بەرچاو ڕوون بكەن كە دەبێت چۆن هەنگاوبنێن بەرەو بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابوری و هەموو بوارەكانیتر.
    سەبارەت بە پرسی شەفافییەتیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ شەفافییەت بنەمای متمانەیە لەنێوان هاوڵاتی و حكومەتدا و مافی هاوڵاتیانە ئاگاداری داهات و خەرجییەكانی حكومەت بن، لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە وێبسایتی شەفافییەت كرد كە لە ئێستادا لەڕێی ئەم وێبسایتەوە رۆژانە هەم حكومەت و هەم هاوڵاتی ئاگاداری داهاتی نانەوتین و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەكدایە.
    لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە كێشە ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند؛ خاڵی لاوازی ئابوری هەرێم نەبوونی سیستمێكی بانكی پێشكەوتووە و لە ئێستادا كاردەكەن بۆ رێكخستنەوەی سیستمی بانكی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان. وتیشی: ئابوری هەرێم و كەرتی تایبەت پێش ناكەوێت بەبێ رێكخستنەوەی سیستمی بانكی و دروستكردنی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و بانكەكاندا.