نێچیرڤان بارزانی به‌شداری له‌ پرسه‌ی قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌دا ده‌کات

سیاسی
  • 12-02-2023, 17:22
  • +A -A

    هەولێر ـINA

    ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، له‌ کونسولخانه‌ی گشتیی تورکیا له‌ هه‌ولێر، به‌شداری له‌ پرسه‌ی قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌که‌ی شه‌شی ئه‌م مانگه‌دا کرد که‌ له‌ تورکیا و سووریا به‌ هه‌زاران قوربانیی لێکه‌وته‌وه‌.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیندراوێکدا کەبۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، ڕاگەیاند: سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌ تۆماری پرسه‌دا په‌یامێکی سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می تۆمار کرد و تیایدا به‌ ناوى خۆیان و هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌مى و هاوسۆزيى قووڵی خۆیانی پێشكه‌ش به گه‌ل و حكوومه‌ت و سه‌ركردايه‌تيى توركيا کرد، بۆ ئه‌و كاره‌ساته‌ ناخهه‌ژێنه‌ى له‌ ئه‌نجامى بوومه‌لەرزه‌يه‌كى وێرانكه‌ر، ده‌ پارێزگاى توركيا و چەند شارێکی سووریای گرته‌وه‌.
    سەرۆکی هەرێم دووپاتی کرده‌وه‌ که‌‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ته‌واوى مرۆڤايه‌تى، به‌ دڵ و ده‌روونێكى خه‌مناكه‌وه‌، بير و دڵمان لاى گه‌لى توركيا و خێزان و كه‌سوكارى ئه‌و هه‌زاران قوربانييه‌يه‌ كه‌ هه‌رگيز وێنه‌ دڵته‌زێنه‌كانيان و ديمه‌نى ڕووخان و وێرانبوونى شار و ئاوه‌دانييه‌كان له‌ بير ناچنه‌وه‌ و ناخ و ده‌روونى مرۆڤ ده‌هه‌ژێنن.
    هه‌روه‌ها له‌ يه‌زدانى مه‌زن داواكاره‌ که‌ گيانى قوربانييان به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ خێزان و كه‌سوكاريان ببه‌خشێت، هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ش بۆ برينداران ده‌خوازێت.

    نێچیرڤان بارزانی دووپاتیان کرده‌وه‌ که‌ هه‌رچى له‌ توانادا بێت هه‌رێمی کوردستان بۆ هاوكارى و يارمه‌تيدان ئاماده‌يه‌.
    لای خۆیه‌ کونسولی گشتیی تورکیا، سوپاس و پێزانینی وڵاته‌که‌ی بۆ به‌شداری و هاوبه‌شیی سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌ پرسه‌که‌دا و بۆ هه‌ڵوێستی هه‌رێمی کوردستان به‌ گه‌ل و حکوومه‌ته‌وه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانی لێقه‌وماوان ده‌ربڕی.