بەغداد - INA
بانكی ناوەندی عێراق ئەمرۆ شەممە ئەنجامی كۆبونەوەی لەگەڵ بانكی فیدراڵی ئەمریكا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ئاشكراكرد.
بانكەكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: شاندی بانكی ناوەندی عێراق بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێكی درێژ لەگەڵ شاندی بانكی یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریكا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە واشنتۆنی پایتەخت كۆبوەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: كە ئەو دوولایەنە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەداكانی كاركردن لەسەر پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی بۆ حەواڵەكردن و نەقد.
ئاشكراشیكرد: شاندی بانكی یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریكا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا چەند میكانیزمێكی پشتگیریان بۆ بانكی ناوەندی عێراق تاوتوێ كرد بۆ بەرزكردنەوەی توانای خۆی بۆ مامەڵەكردنی نەرم لەگەڵ قەیرانەكان لەم قۆناغەدا.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریكا تەئكیدیكردەوە، كە پێوانەكانی بانكی ناوەندی عێراق لە ئاراستەیەكی گونجاودایە بۆ دروستكردنی سوبەر بانك.
هاوكات جێگری یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەكرد: لە پێناو پشتگیری تەواوی هەوڵەكانی حكومەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە چاكسازی ئابووری، ئامادەیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكای بۆ دابینكردنی پشتیوانی پێویست دەربڕی.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە: كۆبوونەوەكە گوێی لەو پێشكەشكردنە بوو كە پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لەسەر ئاراستەكانی بانكەكە لە بەدیهێنانی گرنگترین ئامانجی خۆی بۆ زامنكردنی سەقامگیری گشتی لە نرخەكاندا و بژاردە و پێشنیارەكان لە بواری خێراكردن و فراوانكردن و تەوژمكردنی كاری پلاتفۆرمی ئەلكترۆنی بۆ گواستنەوەی دەرەكی خستیەروو.
عەلی موحسین ئیسماعیل پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق تەئكیدی لە نیازی بانكەكە بۆ دەستپێكردنی پاكێجی دووەمی ئەو ئاسانكاریانەی كە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی سەقامگیریی ڕێژەی ئاڵوگۆر كردەوە.