حەلبوسی: ئەنجومەنی نوێنەران پشتگیری هەموو هەوڵەكان دەكات بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەی مەسیحی

سیاسی
  • 8-02-2023, 22:41
  • +A -A

    بەغداد - INA
    محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمرۆ چوارشەممە، تەئكیدیكردەوە كە ئەنجومەنی نوێنەران پشتیوانی لە هەموو هەوڵەكان دەكات بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەی مەسیحی.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمرۆ چوارشەممە پێشوازی كرد لە پاتریاك مار ئیگناتۆس یوسفی سێیەم پاتریاكی كەنیسەی كاسۆلیكی ئەنتاكیە لە جیهان و شاندی یاوەری، بە ئامادەبوونی ئیڤان فائیق وەزیری كۆچ و كۆچبەران و پەرلەمانتار درید جەمیل یەشوع.
    هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە لە دیدارەكە تاوتوێی بارودۆخی پێكهاتەی مەسیحی و پشتیوانی لە سەقامگیری ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و پاراستنی سەروەت و سامانیان و ئیستحقاقی دەستوریان وەك پێكهاتەكانی تری گەل كرا.
    حەلبوسی تەئكیدی كردەوە كە ئەنجومەنی نوێنەران پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەكات بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەی مەسیحی و رێگەكانی پاراستنی پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی عێراق.
    لای خۆیەوە پاتریاك مار ئیگناتۆس یوسفی سێیەم سوپاسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد لە بەرامبەر پشتیوانی لە هەموو هەوڵەكان بۆ بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی و دەستەبەری ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ماف و بوونی پێكهاتەی مەسیحی.