بەغداد - INA
سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید ئەمڕۆ چوارشەممە، داوای هاوكاری و هاودەنگی كرد بۆ دابینكردنی یارمەتی بەپەلە بۆ گەلانی سوریا و توركیا.
سەرۆك كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: گەلانی ناوچەكەمان بەتایبەت گەلانی سوریا و توركیا لەئەنجامی كارەساتە سروشتییەكانی وەك بوومەلەرزە و دۆخی ناجێگیری كەشوهەوا لە بارودۆخێكی ناهەمواردا دەژین، بۆیە داوای هاوكاریی لە هەموو لایەك دەكەین بۆ ئەوەی فریاگوزاری بەپەلە بگەیەنرێت بۆ ئەوانەی بەر ئەو زیان و كارەساتە كەوتون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: لەگەڵ پێویستی بەردەوامبوون لە دابینكردنی فریاگوزاری بەپەلە بۆ زیانلێكەوتووەكان و بریندارەكان و كەسوكاری قوربانییەكان، قەبارەی كارەساتەكە پێویستی بە هەنگاوی درێژخایەنی زۆر هەیە بۆ ئەوەی چارەسەربكرێت.
بۆیە داوا لە حكومەت و هێزە سیاسییەكان دەكەین ناكۆكیەكانیان پشتگوێ بخەن و هاوكار بن لە گەیاندنی هاوكاری و ئاسانكاری بۆ بە هاناوەچونی ئەو كەسانەی زیانیان بەركەوتوە، هاوكات داوا لە لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان دەكەین بەهانەی خەڵكی لێقەوماوەوەبن و هەموو ئەو بڕیار و سیاسەت و ناكۆكیانە رابگرن كە زیان بە بە هاوڵاتیانی مەدەنی گەیاندووە و بەرەوڕووی سەختییەكی گەورە بوونەوە.
سەرۆك كۆمار تەئكیدیكردەوە: كە ئەو زیانە كارەساتبارانەی كە لە ئەنجامی بوومەلەرزەكانەوە كەوتوون، پێویستی بە پلانی فریاگوزاری درێژخایەن هەیە، بەو پێیەی بەشێك لە خەڵكی سڤیل بۆ مانگەكانی داهاتوو و ڕەنگە ساڵانی داهاتوو بێ كار و خانوو و خزمەتگوزاری دەمێننەوە و هەزاران بریندار هەن كە پێویستیان بە خزمەتگوزاری چارەسەركردن هەیە لە ناوەوەی وڵات یان وڵاتانی دەرەوە ، هەروەها ناوچە وێرانبووەكان پێویستیان بە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەیەكی خێرا هەیە بۆ گەڕانەوە ژیانی ئاسایی بۆیان.
هەر لە بەیاننامەكەیدا سەرۆك كۆمار ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: كە لە كاتێكدا عێراق هاوسۆزی خۆی لەگەڵ زیانلێكەوتووەكان و كەسوكاری قوربانییەكان دەردەبڕێت و بەردەوامە لە كارەكانی بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە هاوكارییەك، ڕایدەگەیەنێت كە هەموو تواناكانی دەخاتە خزمەت هەر هەماهەنگی و دیالۆگێكی نێودەوڵەتی بۆ تێپەڕاندنی ئەوەی كە ڕێگری لە هاریكارییەكان دەكات چونكە هەنگاوی جیهانی پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی نالەباری ناوچەكە.