جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم : باشترین بژاردە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ بەغدادیش رێككەوتنێكی گشتگیری درێژخایەنە بەپێی دەستور

سیاسی
  • 2-02-2023, 19:32
  • +A -A

    هەولێر - INA
    قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لە هەولێر لەگەڵ مارك برایسن ریچاردسن، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كۆبووەوە و پێكەوە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و دۆخی ناوخۆیی كوردستانیان تاوتوێ كرد.
    لە راگەیندراوێكەی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە:" قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق ، لە كۆبونەوەی نێوان هەردوو لا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ باشترین بژاردە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ بەغدادیش رێككەوتنێكی گشتگیری درێژخایەنە بەپێی دەستور لەسەر بودجە و یاسای نەوت و گاز و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی دیكە. جەختیشی كردەوە؛ پێویستە هەرچی زووە ئەم رێككەوتنە بكرێت و دواكەوتنی رێككەوتن لە بەرژەوەندی هیچ لایەكدا نییە.
    هەر بەپێی راگەیندراوەكە تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا داواكاری سەرەكی هاوڵاتیانی كوردستان خزمەتگوزارییە، هەربۆیە ئەولەوییەتی ئێمەش دابینكردنی بودجەیە بۆ ئەوەی بتوانین وەك پێویست پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان جێبەجی بكەین.
    لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم كرا و هەردوولا جەختیان كردەوە كە دەبێت كێشەكان لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن. هەر لەم چوارچێوەیەشدا و سەبارەت بە دۆسیەی شەهیدكردنی هاوكار جاف، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ هەر لە رۆژی یەكەمەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی كرد بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە و ئێستاش چاوەڕێی پێكهێنانی ئەو لیژنەیەین بە ئامادەبوونی لایەنی نێودەوڵەتی تا راستییەكان وەك خۆی بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت.
    لە كۆبوونەوەكەدا باسی ریفۆرم لە هێزەكانی پێشمەرگەش كرا و لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە سوورین لەسەر بەردەوامیدان بە چاكسازییەكان و رێگە نادەین كێشە سیاسییەكان كاریگەری لەسەر رەوتی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت.