بەغداد/ INA
ئەمڕۆ دووشەممە"لەتیف جەمال ڕەشید" سەرۆک کۆماری عێراق،جەختی لە گرنگیدان بە شوێنەوارەکان کردەوە.
لەبەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماردا ، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردویەتی، تیایداهاتووە" ئەمڕۆ "لەتیف جەمال ڕەشید"لە کۆشکی سەلام لەبەغدا، پێشوازی لە"پاولۆ فۆنتانی " بەڕێوەبەری نوێنەرایەتی یونسکۆ لە عێراق کرد .
بە پێی بەیاننامەکە لە میانی دیدارەکەدا سەرۆکی کۆمار جەختی لە "گرنگی بەهێزکردنی ئامرازەکانی هاوکاری بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی پەروەردە و ڕۆشنبیری و زانست و پاراستنی شوێنەوار و فرەچەشنی کولتووری"کردەوە.
هەروەک ئاماژەی بە پێویستی هەوڵ و پشتیوانی یەکگرتوو بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد ، بۆ گرنگیدان بە شوێنەوارەکان و پەرەپێدانی ئەو ئاسانکاریانەی کە پێیان بەستراوەتەوە لە پاراستنی سروشتی شارستانی و قووڵی مێژوویی بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشت و گوزار و شوێنەوارە دێرینەکان.
هەروەک ئاماژەی بە "ڕۆڵی "یونسکۆ" لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ کەرتی پەروەردە کرد ، بە پێگەی زانستی تۆکمە بۆ زانکۆکانی عێراق لە بەخشینی زانست و زانیاری .
لای خۆیەوە "فۆنتانی" باسی لەو پلان و بەرنامانە کرد کە ڕێکخراوەکە بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچەی دێرین و شوێنەوار و میراتییەکان ئامادەی کردووە.
هەروەک باسی لە پەیوەندی پتەو و هاوکاری بەردەوامی نێوان هەردوولا کرد ، بەتایبەت بەهۆی شوێنەوار و شوێنە کولتوورییە کۆنەکانی عێراقەوە.
جەختیشی کردەوە لەوەی کە رێکخراوەکەیان ، لە ئێستادا سەرقاڵی ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکن لە بەسرە و قەڵای هەولێر و موسڵ، کە تیایدا پشت بە توانا و لێهاتوویی عێراقیەکان دەبەستێت.
راشیگەیاند "کە رێکخراوەکە چەندین خول و وۆرکشۆپی لە زۆرێک لە زانکۆکانی عێراق ئەنجامداوە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی خوێندکاران.