بەغداد - INA
سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی ئەمرۆ چوارشەممە، جەختی لە بەدواداچوونی جموجۆڵەكانی چەتەكانی داعش و ڕێگریكردن لە هەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوەی بۆشایی لە شارەكاندا كردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی كرد و تێدا ئەندامانی ئەنجوومەن ئامادەبوون و دواپێشهاتەكان و گرنگترین ئاڵنگارییەكان تاوتوێكران.
ئاشكراشیكرد: لەكۆبوونەوەكەدا فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان جەختی لە گرنگی چاودێریكردنی جموجۆڵی چەتە تیرۆرستیەكانی داعش و رێگریكردن لەهەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوەی كەلێن لەشار و گوندە ئارامەكان كردەوە. هەروەها داوایكرد گیانی ئامادەباشی و كاری لەناكاو لەلایەن هێزە ئەمنییەكان لەسەر هەردوو ئاستی ئەمنی و هەواڵگیری دروست بكرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی جەختی لەگرنگی ئامادەباشی كردەوە بۆ رووبەربوونەوەی ئاڵنگاری و هەرەشەكانی قوناغی داهاتوو و پێویستی كاركردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی تاكی عێراقی و سەقامگیری ئاسایشی نشتیمانی.
هەروەها كۆبوونەوەكە تەكیدیكردەوە لەسەر پێویستی دەستنیشانكردنی لێكتێگەیشتن و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتیمانی و سەقامگیری ئاسایشی نیشتیمانی.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا پتەوكردنی پاراستنی سنووری نێوان عێراق و سوریا لەگەڵ بابەتەكانی ناو كارنامەی كۆبوونەوە تاوتوێی كران و چەند بڕیار و راسپاردەی گونجاویش سەبارەت بەو بابەتانە دەركران.