نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزانى فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌‏

سیاسی
  • 22-01-2023, 15:24
  • +A -A

    هەولێرـINA 
     ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2023/1/22  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان پێشوازى له‌ ئيريك شۆڤاليێ باڵيۆزى فه‌ره‌نسا و مارتين يێگه‌ر ‏باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و شاندى ياوه‌رانى كرد.‏
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، ڕاگەیاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيا، ‏دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و كارنامه‌ى حكوومه‌تى فيدراڵى، ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، ‏پرسى وزه‌ و توانا و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌م بواره‌دا، خرانه‌ به‌ر باس و ‏گفتوگۆ.‏
    سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و شاندى ميوان هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پشتگيرى له‌ ‏حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى كارنامه‌كه‌ى به‌پێى ڕێككه‌وتنى ‏پێكهێنانى حكوومه‌ت له‌نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كاندا، هه‌روه‌ها جه‌ختيا‌ن له‌ گرنگيى ‏يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.‏
    باڵيۆزانى ئه‌ڵمانيا و فه‌ره‌نسا پوخته‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى پرۆژه‌ى بنياتنانى په‌يمانگه‌ى ‏داهاتووى كولتووريى هاوبه‌شى فه‌ره‌نسى ـ ئه‌ڵمانى له‌ هه‌ولێر له‌ يادى شه‌ست ‏ساڵه‌ى په‌يمانى ئه‌ليزێى دۆستايه‌تيى فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيادا پێشكه‌ش كرد، هه‌روه‌ها ‏جه‌ختيان له‌ خواستى وڵاته‌كانيان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى ‏كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى كولتووريدا.‏
    لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ‏فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيا دووپات كرده‌وه‌ بۆ يارمه‌تى و هاوكارييه‌كانيان له‌ بوارى سياسى، ‏سه‌ربازى، ئابوورى، مرۆيى و كولتووريدا، هه‌روه‌ها وێڕاى خۆشحاڵى و ده‌ستخۆشى، ‏دانانى به‌ردى بناغه‌ى په‌يمانگه‌ى داهاتووى كولتووريى هاوبه‌شى فه‌ره‌نسى ـ ‏ئه‌ڵمانى له‌ هه‌ولێر به‌ هه‌نگاوێكى گرنگى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌ كولتوورييه‌كانى ‏فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا.‏