سلێمانی ـINA
ئەمڕۆ چوار شەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە ژمارەیەک کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و بەرپرسانی یۆنامی و یەکێتی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان و لە بارەی کۆمەڵێک پرسەوە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەڕاگەیندراوێکدا کەبۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نلردووە، ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا، ئۆلیڤێ دیکۆتینی، کونسوڵی گشتی فەرەنسا، هێثەر پاترسۆن بەرپرسی نووسینگەی کەنەدا، نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر (یۆنامی) و نوێنەری یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ کونسوڵەکانی کۆریای باشوور و یۆنان و سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی ئامادە بوون، تیشک خرایە سەر ئازادییە گشتییەکان و مافی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان.قوباد تاڵەبانی جارێکی تر جەختی کردەوە لەوەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ کاری میدیا و ئازادی ڕەخنەگرتن و پاراستنی ژنان لەو هەڕەشانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەش کرد لە هەوڵی بەردەوام دان زانکۆکان ببەستنەوە بە بازاڕی کارەوە بە پێی تایبەتمەندی ناوچە و شارەکانی دابەشبوونی زانکۆکان، هەروەها لە پەیوەندی بەردەوام دان لەگەڵ کۆمپانیا گەورە ناوخۆیی و بیانییەکان بۆ کەڵک وەرگرتن لە توانای گەنجان و دەرچووانی زانکۆکان بەپێی پسپۆڕی و شارەزاییان.
لە بەرامبەریشدا کونسوڵ و نوێنەرانی میوان پێزانین و دەستخۆشی خۆیان دەربڕی بۆ هەوڵەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و هاوڕابوون لە بارەی گرنگی پەیوەندی و بیروڕا گۆڕینەوە لە قۆناغەکانی داهاتوودا جەختیان لە هەماهەنگی کردەوە لە پرسە جێگە بایەخە هاوبەشەکان.