بەغداد - INA
جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن ئەمرۆ چوارشەممە داوای دووبارە كردنەوەی باڵیۆزخانەی بەلجیكا لە بەغداد كرد.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە فواد حسێن، پێشوازیكرد لە وەزیری دەرەوەی بەلجیكا حجە حەبیب، لە پەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆس كە لە سویسرا بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و تاوتوێی چەند پرسێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی هاوبەشدا كرا.
بەپێی بەیاننامەكە وەزیری دەرەوە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە باڵیۆزخانەی بەلجیكا لە بەغدا بكرێتەوە و وەبەرهێنان و نوێنەرانی كۆمپانیا بەلجیكیەكان ڕابكێشێت، بۆ ئەوەی ببێتە خاڵی دەستپێك بۆ ئەوەی بەشداری لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری و چالاككردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان لە ڕێگەی بەشداری كۆمپانیاكانی بەلجیكا لە هەموو سێكتەرەكان بكات.
هاوكات هەردوولا پرسی دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەییان بۆ چارەنووسی خێزانەكانی داعش و منداڵان و چەكدارانی بیانی و چۆنیەتی گەڕانەوەیان و ڕادەستكردنیان بۆ وڵاتەكانیان تاوتوێكرد.
لای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی بەلجیكا پیرۆزبایی لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كردو تەئكیدی لەسەر پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ حكومەت كردەوە و پێشوازیی لەدیالۆگە پڕ بەرهەمەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم كرد، ڕۆڵی عێراقیشی بەرزنرخاند لە نێوەندگیری نێوان وڵاتانی دراوسێ و گەڕانەوەی پەنابەران و هاوكاری لە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی چەتەكانی داعش و جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی لە دۆسیەی كۆچ و ئاسایشدا دەڕوانێتە پەیوەندیەكی نوێ.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا حسێن بانگهێشتنامەیەكی ڕەسمی دایە وەزیری دەرەوەی بەلجیكا بۆ سەردانیكردنی عێراق بەیاوەری نوێنەرانی باڵای كۆمپانیا و بازرگانانی بەلجیكی بۆ بەشداریكردن لەبنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری و تێبینی ئەوەی كرد كە ئێستا چەندین كۆمپانیا بیانی لە عێراق كار دەكەن.