بەغداد - INA
سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید ئەمرۆ چوارشەممە، لە داڤۆس لەگەڵا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كۆبووەوە، و جەختی لەسەر پێویستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكان كردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار لەشوێنی خۆی لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە سویسرا پێشوازیكرد لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوەیان بە دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق كرد.
سەرۆك كۆمار جەختی لەسەر گرنگی هەوڵەكان و یەكخستنی دیدەكان كردەوە سەبارەت بەو تەحەدایانەی كەڕووبەڕووی هەموو عێراقییەكان بۆتەوە و تەئكیدی لە پێویستی چارەسەركردنی نا تێگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكان كردەوە، و هەروەها وتیشی: پێویستە تیشك بخەینە سەر چارەسەركردنی كێشەكان و دانانی بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێم لەئاستە جیاجیاكاندا بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی پەیوەندی بەبڕیارەكانی حكومەتەوە هەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەژیانی خەڵكەوە هەیە.
داواشیكرد كەپێویستە لەهەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكاندا ئەولەویەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانی بدرێت و بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەری یەكلاكەرەوەیان بۆ بدۆزرێتەوە و گرنگی بە پەسەندكردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و گرتنەبەری شەفافیەت لە دابەشكردنی سامان لە نێوان عێراقییەكاندا بدرێت.
لای خۆیەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە دیالۆگی جدی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان و پێویستی گەیشتن بەو تێگەیشتنانە بكرێت كە یەكڕیزیی نێوان عێراقییەكان و ئاواتەكانیان بۆ ژیانێكی ئازاد و شكۆمەند زیاتر بكات.
لە درێژەی هاتووە: كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە گفتوگۆیەك بۆ بەشداریكردن لە كاری كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس و گرنگی گەیاندنی وێنەی پێشكەوتن و سەقامگیریی كە لە شارەكانی عێراقدا ڕوویداوە.