هەولێر ـINA
ئەمڕۆ سێ شەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دۆخی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانیان تاوتوێ کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران لەڕاگەیندراوێکدا کەبۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نلردووە، ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا کە تیایدا هەر یەکە لە ئامۆس هۆكشتین، رێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتیی بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و ئالینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ژمارەیەك راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا یاوەری برێت مەکگۆرکیان دەکرد، کێشە ناوخۆییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا تاوتوێ کرا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا شاندی ئەمریکا پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختیان کردەوە لەسەر بەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارتی پێشمەرگەدا. هیوای ئەوەشیان خواست کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەڕێی گفتوگۆ و دانووستانەوە چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان بکەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی وزە و سیاسەتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند؛ دەبێت هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال پەلە بکەن لە رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ناکۆکییانە بهێنرێت کە چەندین ساڵە هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بوو.