بەغدا - INA - ویسام مەلا
ئەمڕۆ پێنجشەممە، باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە بەغدا بەهای ئەو قەرزانەی ژمارد کە وڵاتەکەی لە ساڵی 2003ەوە پاڵپشتی پڕۆژەکانی عێراقی کردووە، هاوکات ئاماژەی بە کارکردن لەسەر یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی لە عێراق کردووە.
ماسامۆتۆ کێنیچی، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ژاپۆن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، عێراق و ژاپۆن لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پەیوەندییەکی بازرگانی زۆر باشیان هەیە.
زیاتر وتی، "دوای ساڵی 2003 پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەرەی سەند، ژاپۆنیش چەندین پڕۆژەی جێبەجێکرد، پاڵپشتی حکومەتی کرد، هەروەها قەرزی زۆری بە بەهای 9 ملیار دۆلار دیاری کرد".
جەختیشی لەوە کردەوە کە "گەشەپێدانی پاڵاوگەی بەسرە گەورەترین پڕۆژەیە کە ژاپۆن لە عێراق ئەنجامی دەدات"، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە بە هاوکاری حکومەتی عێراق پڕۆژەی دیکەی داهاتوو جێبەجێ دەکەین".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆمپانیا ژاپۆنییەکان لە عێراق چالاکن و هەندێکیان بە هاوکاری جیاوازی ژاپۆن کاردەکەن".