بەغداد - INA
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكومی بەرەو بەغداد بەڕێكەوت.
سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكومی سەردانی بەغداد دەكات.
ئاشكراشیكرد: مەسرور بارزانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید و سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری فایق زێدان ئەنجام دەدات.
ئاماژەی بەوەشدا: بڕیارە كۆبوونەوەكان چەند دۆسیەیەك چارەسەر بكەن كە پێش هەمووشیان چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵە بەپێی دەستوور و بەرنامەی وەزاری، ئەوە سەرەڕای پتەوكردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوولا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتانەی كە لە وڵاتدا هەیە لە هەموو ئاستەكاندا.