هه‌ولێرـ INA
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی به‌بۆنه‌ی چه‌ژنی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح سڵاوی خوای لێ بێت ئاراسته‌ی برا مه‌سیحییه‌كانی كوردستان و عێراق و هه‌موو جیهان كردووه و تێدا هاتووه" يادى كريسمس، جه‌ژنى له‌دايكبوونى حه‌زره‌تى عيساى مه‌سيح، سڵاوى خواى لێ بێت، به گه‌رمى له هه‌موو خوشك و برايانى مه‌سيحى له كوردستان، عێراق و ته‌واوى جيهان پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى جه‌ژنێكى پڕ له شادى و كامهرانييان بۆ ده‌خوازم. هيوادارم جه‌ژن له كه‌ش و دۆخێكى ئارام‌دا بكه‌نه‌وه و پشوويهكى خۆش به‌سه‌ر به‌رن.
له‌م جه‌ژنه پيرۆزه‌دا دووپاتى دهكهينهوه كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه به لانه و سهرزهمينى فره‌يى و پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتيانه و يهكترقبووڵكردن و لێبورده‌يى و تهبايى لهنيوان هه‌موو پێكهاته ئايينى و نهتهوهيييهكانيدا ده‌مێنێته‌وه. له‌گه‌ڵ خوشك و برايانى مهسيحيمان و ته‌واوى پێكهاته‌كان، هه‌موومان پێكه‌وه كارده‌كه‌ين بۆ بنياتنانى ئێستا و داهاتوويهكى باشتر بۆ نه‌وه‌كانمان، بۆ وڵاتێك كه ماف و ئازادى بۆ هه‌موو هاووڵاتييانى له هه‌ر ئايين و نه‌ته‌وه‌يه‌ك بن، بپارێزێت.
جه‌ژنى له‌دايكبوونى مه‌سيح له هه‌مووان پيرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به خێر و خۆشى و ئاشتى بۆ ته‌واوى مرۆڤايه‌تى بگه‌ڕێته‌وه.