بەغدا- INA
وەزیری داد، خالد شاوانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە دووپاتی کردەوە کە کارکردن لەسەر پڕۆژەی ئەلیکترۆنی لە چوارچێوەی سیاسەتی وەزارەتدایە بۆ هاوسەنگ بوون لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و کۆتاییهێنان بە مامەڵەی کاغەز، هەروەها دەبێتە هۆی نەهێشتنی ساختەکاری و گەندەڵی.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا، کە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گەیشتووە، هاتووە: "خالد شاوانی وەزیری داد، بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی لە ئەبوغرێب کردەوە".
لە میانی دەستبەکاربوونیدا، وەزیر جەختی لەوە کردەوە کە "وەزارەت کار بۆ کردنەوەی کۆمەڵگە دادوەرییەکان دەکات لە سەرجەم شارەکانی عێراق، جگە لە کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی سەر بە تۆماری خانووبەرە، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و هەروەها پاراستنی موڵک و ماڵی خۆیان".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "خالدشوانی سوورە لە ئەنجامدانی چاکسازیی ڕاستەقینە لە بەشەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە، لەوانە دەستپێکردنی پرۆژەی ئۆتۆماتیکی ئەلیکترۆنی، کە دەبێتە هۆی نەهێشتنی ساختەکاری و گەندڵی، هەروەها ڕێکارەکانی تەواوکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان خێراتر دەکات".
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەكە ، وەزیری داد ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە،"کارکردن لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆماتیکی ئەلیکترۆنی لە چوارچێوەی سیاسەتی وەزارەتی داددایە بۆ ئاگاداربوون لە پێشهاتە تەکنەلۆژییەکان و کۆتاییهێنان بەو مامەڵە کاغەزیانەی کە کات و ماندووبوون و پارەی وردبینیکەرەکان بەفیڕۆ دەدەن".