بەغداد - INA
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران موحسین مەندەلاوی، ئەمرۆ شەممە تەئكیدیكردەوە: ڕێوشوێنی جدی بۆ چارەسەركردنی كەمی ئاوی ناسریە دەگیرێتەبەر.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: مەندەلاوی جەختی لەسەر داواكەی حكومەتی فیدراڵی كردەوە بۆ زیادكردنی گرنگیدان بە پارێزگاكانی باشوور بەتایبەتی زەیقار كە بەدەست چەندین كێشەوە گرفتەوە دەناڵێنن و ئاراستەكردنی وەزیرەكان بۆ ئەنجامدانی سەردانێكی مەیدانی بۆ هەموو شارەكانی باشوور بۆ دەستنیشانكردنی ئەو كێشانەی كە بەدەستیەوە دەناڵێنن و چارەسەری ڕیشەییان بۆ دەدۆزنەوە، ئاماژە بەوەشكرد: ئەم قسانەی مەندەلاوی میانەی پیشوازیكردنی لە شێخ و كەسە دیارەكانی خێڵەكانی زەیقار لە ئۆفیسەكەی خۆی كردی، بە ئامادەبوونی پەرلەمانتار داود عیدان.
ئەوەشی خستەڕوو: مەندەلاوی گوێی لەو كێشانە گرت كە ڕووبەڕووی ئەو پارێزگایە دەبێتەوە كە پەیوەندی بە كەمیی ئاو و كەمی خزمەتگوزارییەوە هەیە، هەروەك ئاماژەی بەوەدا كە كەمیی ئاو گرفتێكە كە هەموو شارەكان پێوەی دەناڵێنن، بەڵام لە پارێزگاكانی باشوور زیاتر چڕتربوەتەوە، چارەسەركردنی ئەم كێشەیەش پێویستی بەهەوڵ و كارێكی حكومی و دیپلۆماسی هەیە لەسەر وڵاتانی سەرچاوە بۆ زیادكردنی بڕی ئاوی وەرگیراو و هەروەها جووڵانی وەزارەتەكانی سەرچاوەكانی ئاو و كشتوكاڵ بۆ نوێكردنەوەی پڕۆژەكانی ئاودێری، جەختیشیكردەوە كەڕۆژانی داهاتوو شایەتحاڵی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت كە میوانداری پارێزگاری زیقار محەمەد هادی و بەڕێوەبەری سەرچاوەكانی ئاوی پارێزگاكە عەبدولڕەزا مستەفا دەكات و هەروەها بریكاری وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو حسێن عەبدولئەمیر بۆ گەیشتن بەچارەسەر و ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمی ئاوی پارێزگاكە.
ئاماژەی بەوەشدا : كە باس لەو تەنگژەیەی ئەم دواییەی پارێزگاكە كرا كە جێگری یەكەم داوای لە هۆزە بەڕێزەكانی زەیقار كرد ڕۆڵی كۆمەلایەتی خۆیان ڕابپەڕێنن بۆ كەمكردنەوەی ئەو گرژیانە و ڕێگەیەكی ئاشتیانە بگرنەبەر بۆ داواكردنی مافەكان و كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ تەواوكردنی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری و داواكردنی زیادكردنی تەرخانكراوانی پارێزگای زەیقار بۆ دڵنیابوون لەزیادبوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و وەبەرهێنان و ڕەنگدانەوەیان لەسەر دابینكردنی هەلی كاری نوێ و پێشكەوتنی واقیعی شارەكە.