هەولێر - INA
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئالینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، ئەمرۆ چوارشەممە، جەختیان لەسەر گرنگیی پشتیوانیكردنی سەرۆك وەزیران و كابینەی نوێی حكوومەتی فیدراڵی عێراق كردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر لەگەڵ خاتوو ئالینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كۆبووەوە.
ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكەدا دوا سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵات، كارنامەی حكوومەتی فیدراڵی عێراق، كاركردن بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و سیستمی فیدراڵی، گفتوگۆ و سەردانە بەردەوامەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دروستبوونی تێگەیشتنی هاوبەش، تاوتوێ كران.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: هەردوولا جەختیان لە كاری هاوبەشی نێوان هەولێر ـ بەغدا و لایەنە سیاسییەكانی وڵات بەگشتی كردەوە و هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پشتیوانیكردنی سەرۆك وەزیران و كابینەی نوێی حكوومەتی فیدراڵی عێراق، دۆخەكەشیان بە دەرفەتیك زانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەت. هەروەها گرنگیی جێبەجێكردنی ڕیككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراقیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال و گەرانەوەی ئاوارەكان بە پێویست و گرنگ لە قەڵەم دا.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە گرنگە تێگەیشتن و ڕوانگەیەكی هاوبەش هەبێت بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی وڵات و بەڕێوەبردنی سامان و دەوڵەمەندییەكانی عێراق بە جۆرێك كار و خزمەتگوزاریی باشتر بۆ هاووڵاتیان دابین بكات و ببێتە هۆی ئارامی و سەقامگیری و پاراستنی سەروەریی وڵات.
هەروەها گرنگیی پاراستنی ئارامیی سنوورەكان و كاركردنی هاوبەشی هەولێر ـ بەغدا لەسەر ئەم پرسە، هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی وزە، هاندانی سەرمایەگوزاری و وەبەرەهێنانی بیانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، پرۆسەی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە و كێشەكانی بەردەمی، پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە، تەورێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.