بەغداد - INA
شانشینی یەكگرتوو ئەمرۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: لەگەڵ عێراق كاردەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سێ تەحەدا و هاوكات پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربڕی لەدابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و دروستكردنی پەیوەندی ئیجابی لەگەڵا وڵاتانی دراوسێ.
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق مارك برایسۆن ڕیچاردسۆن لە وتارێكدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بینیوێتی، دەڵێت: ئەم هەفتەیە، جەیمس كلیفرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دیدی خۆی بۆ داهاتووی درێژخایەنی پەیوەندی بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی سەرانسەری ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریكای لاتین دەربری، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی لە دوای ساڵی 1945 دروستكراوە و لە ڕێگەی نەتەوەیەكگرتووەكانیشەوە ڕێگەی داوە بۆ ماوەیەكی بێوێنە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەرپاكرد.
وتیشی: ئێمە ئێستا لە سەردەمێكی گرنگدا دەژین كە خێرایی گۆڕان بە هێزی گەردەلوول خێراتر دەبێت و تەحەدا هەیە بۆ بنەماكانی ئەو ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییە كە لە ناسەقامگیریی جیهانیدا دەركەوت كە بەهۆی هێرشی بێ هۆی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا دروست بووە، رونیشیكردەوە: جیهان رۆڵی هەیە لە وەڵامدانەوەی ئەم تەحەدایانە، چونكە ئەو وڵاتانەی كە گەشەی دانیشتوانیان خێرایە و بەشێكی گەشەسەندووی سامانی جیهانی ڕۆڵێكی زۆر گەورەتر دەبینن لە شێوەی جیهان لە سەدەی داهاتوودا، ئەم وڵاتانە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەنگێكی بەهێزتریان دەبێت.
راشیگەیاند: بەریتانیا ئاواتێكی هەیە لە داهاتوودا پەیوەندی بەهێزتر لەگەڵ ئەم وڵاتە هاوبەشانە و هەرێمەكان دروست بكات نەك تەنها بۆ ئێستا، بەڵكو بۆ دەیان ساڵی تر، وتیشی: عێراق یەكێك دەبێت لەو هاوبەشە نوێیانە و ئەمەش كاردانەوەی هەیە لەسەر پەیوەندییەكانمان.
باڵیۆزی بەریتانیا تەئكیدیكردەوە: كە بەریتانیا كار لەگەڵ عێراق دەكات بۆ ئەوەی بەرەنگارییەكانی سەردەمی ئێمە وەك گۆڕانی كەش و هەوا و مافی مرۆڤ و ئاسایش چارەسەر بكات، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەكی مانادار لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و باوەڕێكی هاوبەش بە بازرگانی ئازاد و رێكخستنێكی كراوەی نێودەوڵەتی پتەو بكەین و ئەوەش مانای پێكەوە كاركردنە بۆ عێراقێكی جێگیرتر و سەرفرازتر، لەگەڵ بەدیهێنانی ئاواتی ڕێككەوتننامەی شەراكەتی ستراتیژی بەریتانیاو عێراق و بەهێزكردنی هاوكاری لەبواری ئابووری و پەروەردەو ڕۆشنبیری و زانست و جێبەجێكردنی یاسا و مافەكانی مرۆڤ و بەرگری و ئاسایش.
وتیشی: بەریتانیا لە ئێستادا لەگەڵ حكومەتی نوێ كار دەكات بۆ گەیاندنی ئەم ئەجێندایە بەرزخوازە و یارمەتی دانانی بناغەی داهاتوویەكی سەركەوتوو دەدات.
جەختیشی لە بنیاتنانی عێراقێك كردەوە كە توانای دابینكردنی خزمەتگوزاری باشتری هەیە بۆ گەلی عێراق و ئابوورییەكی بەهێز و هەمەجۆر كە توانای دروستكردنی كار لە داهاتوودا و دروستكردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێكانی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: عێراق لە ئاستی هەرێمایەتی دەوڵەمەندتر و بە دەنگێك كە لە گۆڕەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا دەبیسترێت كاریگەرتر دەبێت"
وتیشی: ئێمە پێشوازی هەوڵەكانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران دەكەین بۆ دروستكردنی پەیوەندی ئیجابی لەگەڵ دراوسێكانی عێراق و كەمكردنەوەی گرژی و چاوەڕوانی بەردەوامبوونی لەدروستكردنی ڕۆڵی بنیاتنەری هەرێمی عێراق دەكەین.
ئاماژەی بەوەشدا: پەیوەندی دووقۆڵیمان لەگەڵ عێراق گەشەدەكات لەكاتێكدا ئێمە بەدوای هاوبەشییەكی سوودبەخشدا دەگەڕێین كە سەرنجمان لەسەر داهاتوو داناوە.
وتیشی: لە ڕێگەی دیبلۆماسی ورد و پێشكەشكردنی وردی بازرگانی و یارمەتی گەشەپێدان و شارەزایی و پەیوەندییە كولتوورییەكان و ئاسایش و پەیوەندییە دبلۆماسییە دوو قۆڵییە بەهێزەكان، پێشنیاری بەریتانیا بۆ پێداویستییەكانی عێراق و هێزی بەریتانیا دەگونجێت و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێكراوەكانی وەبەرهێنانی ژێرخانەوە پشتگیری دەكرێت.
رونیشیكردەوە: دروستكردنی زانكۆی نوێی نێودەوڵەتی بەریتانیا لە هەولێر هەفتەی ڕابردوو دەستی پێكرد كە لە مانگی ئەیلولدا دەست بە پێدانی بڕوانامەی زانكۆی لەندەن دەكات، تەئكیدیكردەوە: ئەمە هەنگاوێكی سەرەكییە لە بەستەرە پەروەردەییەكانی بەریتانیا و عێراق و پیشاندانێكی ئاشكرای هاوبەشی درێژخایەنی نێوان هەردوو وڵاتە، هیوادارین لەم چەند ساڵەدا زیاتر ئەو پرۆژانە گەشە بكەن.
باڵیۆزی بەریتانیا لە كۆتایی وتارەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: بەریتانیا پەرۆشییەكی ستراتیژی و ئارەزوویەكی درێژ خایەن بۆ سیاسەتی دەرەوە نیشان دەدات، بۆ ئەوەی بە بەردەوامی پلان بۆ سبەینێ دابنێین، ئێمە لە پێشدا دەبین و بۆ دە و پازدە و بیست ساڵی داهاتوو ئامادە دەبین.