بەغداد – ا ه ع فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار، ئەمرۆ شەممە، تەئكیدیكردەوە لەسەر گرنگی چارەسەركردنی ناكۆكییە ناوخۆییەكان بەمەبەستی زامنكردنی گەشەكردن و ئاوەدانكردنەوە. لەمیانی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی باقریندا سەرۆك كۆمار رایگەیاند: پێویستە ئەم دۆخە بەكاربهێنرێت بۆ یەكگرتوویی عێراق و عێراقییەكان و بنیاتنانی سیستمێكی دیمەكراتی دادپەروەر، رونیشیكردەوە پێویستە بەرنامەی ئەو دوو شەهیدە تەركیزی لەسەر بكرێت لە بەرەنگاربوونەوەی بیری دوژمنكاری و توندڕەوی داعش و بەدیهێنانی بەرژەوەندی گەلی عێراق. فوئاد مەعسوم راشیگەیاند: عێراق دەستیكردوە بەگەڕانەوە بۆ پێگەی تایبەتی خۆی لەنێوان وڵاتاندا، دوای تێكشكاندنی داعشیش هەڵبژاردن دەكرێت، بۆیە پێویستە نێوخۆ یەكبخرێت و چارەسەری كەموكوڕی و هەڵەكان بكرێت، پێویستیشە كوتلەكان یەكبوونی عێراقییەكان بەكاربهێنن بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی نێوانیان.