لەكەركووك پەیكەرێك بۆ شێخی وەرزشكاران ومیدیای وەرزشی كوردی دەكرێتەوە

وەرزش
  • 11-12-2022, 21:54
  • +A -A

    هەولێر – INA
    ئەمڕۆ ئێوارە لەبارەگای لیژنەی ئۆڵۆمپی ویانەی وەرزشی سۆلاڤـ پەردە لەسەر پەیكەری وەرزشوانی دێرین وشێخی میدیاكارانی وەرزشی كوردی لادرا.
    بۆ بەدوا داچوون و گرنگی هەواڵەكە شێخ میقداد شێخ ستار بەرزنجی كوڕی شێخ ستار بەرزنجی تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) راگەیاند و گوتی : ئەمڕۆ ئێوارە دوای ماندووبوونی زیاتر لە نیو سەدە لە وەرزش و كاری میدیای وەرزشی ولەسەر ئەركی بەرێز رەزا حاجی فایق بەرپرسی وەرزشی مەڵبەندی كەركووك پەیكەرێكی شایستەی بۆ باوكم دامەزراو كە بەدیزاینێكی نایاب وپرۆفیشناڵانە هاتۆتە دروست كردن،ئەمە جێگای دڵخۆشی خەڵكی كوردستان وعێراق و شاری كەركووك وخانەوادەكەمانە.
    شێخ مقداد دواتر گوتی: هەستێكی زۆر نایاب و دڵخۆشمان هەیە بۆ ئەم هەنگاوە،باوكم زۆر دڵی پێخۆش بوو،هەستكرد ماندووبوونی حەسایەوە لە پر ئەم بەسەركردنەوە و بیرۆكە جوانە،بۆیە هیچم نیە بۆ گوتن وسوپاسی هەمووتان دەكەم و بەتایبەتی مامە رەزا.
    ماوەتەوە بڵێین شێخ ستارشێخ عەبدوڵڵا ئەحمەد لەساڵی 1941 لە گەرەكی ئیمام قاسمی شاری كەركووك لەدایكبووە،ساڵانی 1961-1962 خانەی مامۆستایانی تەواو كردووە لە كەركووك،دامەزرێنەری یانەی سۆلاڤە لەشاری كەركووك،داوەری پلە یەكی یاری تۆپی پێ وبالە بووە،یاریزانێكی لێهاتوو یاری بالە بووە.
    لەساڵی 1975 تا ساڵی 1994 ئامادەكار وپێشكەشكاری بەرنامەی وەرزشی (وەرزش ولاوان) بووە لە تەلەڤزیۆنی كەركووك،شێخ ستار چەندیم پۆستی وەرزشی لەسەر ئاستی كوردستان وعێراق هەبووە وخزمەتێكی زۆری تێكڕای وەرزشكاران ومیدیاكارانی وەرزشی كردووە وئێستاش تەمەنی (81) ساڵە ولە شاری كەركووك ژیان بەسەر دەبات.