بەغداد – ا ه ع وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەمرۆ شەممە، رایگەیاند: بانكی نێودەوڵەتی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر دابینكردنی پارەی پرۆژە بەپەلەكانی ئەو ناوچانەی تازە ئازادكراون، وتیشی بڕی پارەی پێویست بۆ پرۆژەكە 200 ملیۆن دۆلارە. لای خۆیەوە عەمار منعم وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع)ی راگەیاند: ئامانجی پرۆژەكە باشتركردنی ژیان و گوزەرانی زیاتر لە یەك ملیۆن هاوڵاتییە لە ناوچە رزگاركراوەكان و وەك پشتیوانییەكە بۆ نەهێشتنی هەژاری و دابینكردنی ئەمن و ئاسایش لەو ناوچانە، وتیشی هەر لە چوارچێوەی پرۆژەكەدا پێدانی قیستە بە پرۆژە بچوكەكان بەمەبەستی دەستەبەركردنی هەلی كاركردن لە ناوچە رزگاركراوەكان. وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی راشیگەیاند: هەر لە پرۆژەكەدا خزمەتگوزاری دەرونی و كۆمەڵایەتی پێشكەش بە زیاتر لە 150 هەزار هاوڵاتی دەكرێت لەگەڵ چارەسەركردنی ئاسەوارەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان.