بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەكشەممە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەرگرتنەوەی وەجبەی دووەمی پارە دزراوەکە بۆ ئەمیندارێتی باج ڕاگەیاند، هاوكات ئاماژە بەوە دەكات كە ئۆپەراسیۆنەكانی وەرگرتنەوەی پارە و بەدواداچوون بۆ داواكراوان بەردەوامە لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردووە و ڕایگەیاندووە : بە بەدواداچوونی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی و بە هاوكاری لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری،دەسەڵاتدارانی تایبەتمەند لە پرسەكانی دەستپاكی بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەكانی وەرگرتنەوەی پارە بۆ ئەمیندارێتی باج كە لە ماوەی ئەوەی بە (دزی سەدە) ناسراوە دەستیان بەسەردا گیرا.
ئاماژەی بەوەشكرد : وەجبەی دووەمی ئەو پارانە وەرگیرایەوە، بە بڕی سەد و سی و چوار ملیار و چوار سەد و پەنجا و پێنج ملیۆن و شەش سەد هەزار دینار، كە بەپێی پێویست لە هەژماری بانكی كراوەی ڕافیدەین دانرابوو لەلقی سەرەكی، بەجۆرێك كە كۆی ئەو بڕە پارەیەی وەرگیراوەتەوە سێ سەد و حەڤدە ملیار و پێنج سەد و سی و پێنج ملیۆنە وپێنج سەد و سی و شەش هەزار و پێنج سەد و بیست و پێنج دینارە.
لە درێژەی قسەكانیدا : ئۆپەراسیۆنەكانی وەرگرتنەوەی پارە و بەدواداچوون بۆ داواكراوان بەردەوامە لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆكی حكومەت، لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت كە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەخاتە پێشەنگی ئەولەویەتەكانەوە.