شاخەوان عەبدوڵا: جێبەجێنەكردنی دەستوور لەپشت كەڵەكەبوونی كێشە سیاسییەكانەوە

سیاسی
  • 7-12-2022, 22:18
  • +A -A

    بەغداد - INA
    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شاخەوان عەبدوڵا ئەمرۆ چوارشەممە، رایگەیاند: پابەندنەبوون بەدەستوور هۆكاری سەرەكی خراپبوونی دۆخەكەو كەڵەكەبونی كێشەكانە.
     نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتوە، دەڵێت: شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشوازیكرد لە عەباس ئەلعەنبوری، سەرۆكی سەنتەری رواقی بەغداد بۆ سیاسەتە گشتییەكان و ژمارەیەك لەئەندامانی سەنتەرەكە .
    بەیاننامەكە ئاژماژەی بۆ ئەوەشكردووە: لەدیدارێكدا، باس لەپرسەكانی پەیوەست بە ڕۆڵی سەنتەرەكانی خوێندنەوەو گەڕان و لێكۆڵینەوە كرا، لەگەڵ گرنگی هاوكاریكردن و دەوڵەمەندكردنی دامەزراوەی یاسادانان و دروستكەرانی سیاسەت و بڕیار بەدەستان بەو بیرۆكانەی پەیوەستن بەیاساكان و پرسە سیاسی و ئابورییەكان و، پێشكەشكردنی ڕاوێژ و ڕاپۆرت و ڕونكردنەوەی مەیدانی، وێرای قسەكردن لەبارەی هۆشیاری و ڕۆشنبیری دەستوریی و فراوانكردنی كاریگەرییە ئەرێنییەكانی سەنتەرەكانی خوێندنەوەو گەڕان و لێكۆڵینەوە . 
    هەر لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیكردەوە: كە پابەندنەبوون بەدەستورو جێبەجێنەكردنی بڕگەكانی لەحكومەتەكانی ڕابردودا، هۆكاری سەرەكی تێكچونی بارودۆخ و بەدینەهێنانی خۆشگوزەرانی و كەڵەكەبونی كێشە سیاسییەكانە.