بەغداد - INA
سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید ئەمرۆ چوارشەممە، چاودێری واقیعی خزمەتگوزاری پارێزگای بەسرەی كرد و هاوكات بەڵێنی چارەسەركردنی گرفتەكانی دا.
سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید ئەمرۆ چوارشەممە بەسەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای وزاری بۆ بینینی دۆخی راستەقینە و پێداویستییەكانی پارێزگای بەسرە، سەردانی شارەكەی كرد.
ئاشكراشیكرد: لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆك كۆمار سەردانی بینای پارێزگای بەسرەی كرد و چاویكەوت بە ئەسعەد عیدانی پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی خۆجێی.
رونیشیكردەوە: سەرۆك كۆمار گوێی لە ڕوونكردنەوەیەكی وردی پارێزگار گرت سەبارەت بە دۆخی گشتی پارێزگاكە و ئەو ئاستەنگانەی كە پێشكەوتن و دۆخی ئاستی خزمەتگوزاری و ئەمنی و ئابووری دوادەخەن.
ئاشكراشیكرد: دوای ئەوە سەرۆك كۆمار لەگەڵا ژمارەیەك لە كەسایەتی دیاری عەشایەری پارێزگا و كەسایەتییەكان و بەڕێوەبەرانی ناحیە و بەشە خزمەتگوزارییەكانی پارێزگاكە كۆبووەوە، كە تیایدا ئامادەبووان بەخێرهاتنی سەرۆك كۆماریان كرد، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ گرنگیدانی سەرۆك كۆمار بە شاری بەسرە و دانیشتوانەكەی نیشاندا، هەروەها وردەكارییان سەبارەت بە كۆمەڵێك بابەتی پەیوەست بە خزمەتگوزاری و گوزەران و بارودۆخی ئەمنی پارێزگای بەسرە و دانیشتوانەكەی خستەروو.
دواتر سەرۆك كۆمار لە وتارێكدا لە میانی دیدارەكەدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە سەردانی بەسرەی كردوە و دیداری لەگەڵ دانیشتوان و لێپرسراوانی شارەكە سازكردوە لە پێناو گوێگرتن لێیان و كاركردن بۆ پەرەپێدانی شارەكە و چارەسەركردنی كێشەكانی، ئاماژەی بەوەدا بەرنامەی كاری حكومەت لە خەمی چارەسەركردنی كێشەی هاوڵاتیانە لە هەموو پارێزگاكان، هەروەها باشتركردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزاری و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییە.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەشكرد، بەسرە پێگەیەكی بەنرخی لە دڵی عێراقییەكاندا هەیە، جێگەی سەرنجی حكومەتی عێراق و چالاكی سیاسیی و هێزە نیشتیمانییەكانە، تەئكیدیشیكردەوە: كە پێویستە دەزگاو دامەزراوەكانی دەوڵەتی دەستوری كار بۆ پێشخستنی بەسرە و باشتركردنی دۆخی ژینگەیی بكەن و بارودۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری و پەروەردەیی باشتر بكەن و قەرەبووی ئەو شارەكە بكەنەوە كە لە ماوەی دەیەكانی ڕابردوودا پشت گوێخراوە.
سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەسەر پێویستی چەسپاندنی ئۆقرەیی و سەقامگیریی دۆخی ئەمنی و سیاسی پارێزگاكە لە پێناو رێگەخۆشكردن و هاندانی جوڵەی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت، رایگەیاند: بەسرە پایتەختی ئابووری عێراقە، چونكە هەموو بنەماكانی ئابوری لەخۆدەگرێت، بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەی و سەرچاوەی مرۆیی و سەرچاوەكانی نەوت، هەروەها تایبەتمەندی خۆی هەیە بەو پێیەی تاكە دەروازەی عێراقە لەسەر دەریا، هەروەها جوانی شارەكە، لە ڕابردوودا وەك شاری ڤێنیس لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەصفكراوە.
لە درێژەی قسەكانیدا ، سەرۆك كۆمار تەئكیدیكردەوە لەسەر گرنگی كاری جددی بۆ پەرەپێدانی بەسرە لە رووی ژێرخانەوە و ئاماژەیدا كە پێویستە بە پێی قۆناغی ئێستا و وەبەرهێنانی گونجاو و هەروەها بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، پێداچونەوە بە قانونی وەبەرهێناندا بكرێت و لە زووترین كاتدا هەموار بكرێتەوە تاكو رۆڵی هەبێت بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەكی ئابووری بەردەوام.
سەرۆك كۆمار داوای لە هەمووان كرد بە پەرۆش و دڵسۆزانە كاربكەن بۆ پێشكەوتنی عێراق لەرێگەی بوژاندنەوەی بواری كشتوكاڵ و چارەسەركردنی كێشەی بەفیڕۆدانی ئاو و بەكارهێنانی بە شێوازێكی ئاودێری هاوچەرخ و پابەندبوون بە مەترسی قەیرانی ئاو و راگرتنی زیادەڕۆیی لەسەر ڕووبارەكان و پاككردنەوە و پاراستنی ئاودێری كەناڵەكان، بە ئاماژەدان بە گرنگی گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێك كە زامنی كۆتایی بدات بە پشكی دادپەروەرانەی ئاو بۆ عێراق و نەوەكانی داهاتومان.
هەروەها سەرۆك كۆمار پیرۆزبایی كرد كە بەسرە میوانداری بیست و پێنجەمین پاڵەوانێتی تۆپی پێی كەنداو دەكات لە سەرەتای ساڵی داهاتوو، بەو هیوایەی ئەو پاڵەوانێتییەی كە برایان لەسەر خاكی عێراق كۆدەكاتەوە، مژدەیەكی خۆش بێت بۆ عێراق.
هەڵبژادەی نیشتمانی ماڵئاوایی لە كەندوای 26كرد