بەغداد - INA
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران شاخەوان عەبدوڵڵا ئەمرۆ چوارشەممە، رایگەیاند: كرێكاران چینێكی گرنگن و پێویستە مافەكانیان بەپێی یاسا بەركراەكان مسۆگەربكرێت.
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: دكتۆر شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشوازیكرد لە یوسرا هاشمی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی ناوەندی سەندیكای كرێكارانی عێراق و ژمارەیەك لەئەندامانی یەكێتییەكە.
ئاشكراشیكرد: لەسەرەتای دیدارەكەدا، شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو دەرفەتە، دواتر باس لەیاسای خانەنشینی و بیمەی كۆمەڵایەتی و چالاككردنی یاسای ژمارە 37 ی ساڵی 2015 ی كاری عێراقی كرا.
رونیشیكردەوە: شاخەوان عەبدوڵا، لەمیانی قسەكانیدا جەختیكردەوە لەوەی كرێكاران چینێكی گرنگن چونكە بازووی بنیاتنانن و، پێویستیە مافەكانیان بەیاسا بەركارەكان زامنبكرێت ، وتیشی: ئەنجومەنی نوێنەران پشتیوانی تەواوی ئەو هەوڵانە دەكات كە لەبەرژەوەندی كرێكاران و سوككردنی بارگرانییەكانی سەرشانیانە، لەگەڵ هەوڵدان لەپێناو پاراستنی مافە مادی و مەعنەوییەكانیان لەڕێی داڕشتنی یاساوە .