بەغداد/ INA
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێڕاقی د. شاخوان عبداللە داوایکرد کە مافەکانی پێکهاتەی فەیلی بگەڕێنرێتەوەو کێشەی ڕەگەزنامەو موڵکەکانیان بۆ چارەسەربکرێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران شاخوان عبداللە لەبەیاننامەیەکدا کەدەست ئاژانسی هەواڵی عێڕاقی کەوت وتی کە شاخوان عبداللە لەنووسینگەی فەرمی خۆی لەشاری بەغداد پێشوازیکرد لەشاندێکی کوردانی فەیلی لە پارێزگای واست بەسەرۆکایەتی حەیدەر علی محمد.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەدا کە لەدیدارێکدا باس لە کێشەوگرفتەکانی فەیلیەکان کرا کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە دووچاری دەربەدەرکردن و زەوتکردنی ماڵ وموڵک بوونەوە.
شاخەوان جەختی لەوەکردەوە کە کوردانی فەیلی پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کۆمەڵگان و پێویستە سەرجەم مافە زەوتکراوەکانیان بگێڕدرێتەوە وکێشەکانی ڕەگەزنامە و کارتی نیشتیمانیان بۆ دەربکرێت و چارەسەربکرێت.