بەغداد/INA
ئەمڕۆ دووشەممە"موحسین مەندەلاوی" جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان،داوای لە حکومەت کرد، بنکەی تەندروستی تایبەتمەند و پێشکەوتوو بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی هێزە ئەمنییەکان دابمەزرێنێت، هەروەها پشتیوانی و چاودێری بریندارەکان و خێزانەکانیان بکات لە بوارە جیاجیاکاندا ، بەتایبەت لە بواری تەندروستی و پەروەردە، هەروەها چاودێری بارودۆخیان بکات بە دابینکردنی پێداویستییەکان.
ئەمەش لە پێناو سوپاسگوزاری و دڵسۆزی بۆ ئەو قوربانیدان و هەوڵە قارەمانانەیە کە لە ڕزگارکردنی عێراق لە تیرۆر داویانە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لە بەیاننامەیەکدا کە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە ڕایگەیاندوە"ئەمڕۆ "مەندەلاوی" لە نووسینگەکەی خۆی پێشوازی لە ژمارەیەک نوێنەری بریندارەکان کرد لە هێزە ئەمنیەکان، کە ژمارەیە پەرلەمانتار ئامادە بوون.
بەپێی بەیاننامەکە "مەندەلاوی"ئاماژەی بەوەدا "کە ئەنجومەنی نوێنەران خوازیارە یاسای خزمەتی سەربازی و خانەنشینی هەموار بکاتەوە بەمەبەستی دادپەروەری بەرامبەر بریندارەکان و دەستەبەرکردنی مافی وەرگرتنی مووچەیەکی شایستە بەپێی ڕێژەی کەمئەندامی و برینداربوونی ،کە هاوتا بێت لەگەڵ تەواوی هێزە ئەمنییەکان.
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان داوای لە دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگارەکان کرد، ناوی برینداران و کەسوکاری شەهیدانی سەرجەم پێکهاتە سەربازی و ئەمنییەکان لە یەکەکانی نیشتەجێبووندا ناویان تۆمار بکرێت،وەک دادپەروەری بەرامبەر بەو قوربانیدانانەی کە ئەم بەشە بۆ پاراستنی ئایندە و شەرەفی عێراقییەکان داویانە، هەروەها داوایەکی ئاڕاستەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی کرد کە بەم زووانە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەرکانی سوپا و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی مەلەفی بریندارەکان بە شێوەیەکی کردەیی و تەواو.