بەغداد - INA
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران شاخەوان عەبدوڵڵا ئەمرۆ چوارشەممە سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی لیژنەی بەدواداچونی راستیەكانی فڕۆكەخانەی كەركوكی كرد و لیژنەكەی راسپارد سەردانی فڕۆكەخانەكە بكەن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەنوسینگەی خۆی لەبەغداد، سەرۆكایەتی یەكەم كۆبونەوەی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەراستییەكانی كرد كەپێكهاتووە لە پەرلەمانتارانی لیژنەكانی ( ئاسایش و بەرگری ، گواستنەوە و پەیوەندییەكان ، دەستپاكی ) بەمەبەستی چاوخشاندن بەسەرپێچییە هونەری و كارگێڕی و ئەمنییەكان دەربارەی پرۆژەی فرۆكەخانەی كەركوك.
ئاشكراشیكرد: شاخەوان عەبدوڵا جەختیكرد لەوەی، جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژی لەپارێزگاكەدا شایستەی خەڵكی كەركوكە بەهۆی بایەخە ئابوورییەكەی، نیگەرانی خۆشی دەربڕی بۆ دۆخی پرۆژەی فڕۆكەخانەكە كە كراوەتەوە بێ رەچاوكردنی پێوەرەنێودەوڵەتییەكان و بوونی كێشە و تێبینی هونەری زۆر و ئاستەنگی تر، كە كاریگەری نەرێنی و مەترسی بۆ سەرنشینان هەیە .
هاوكات ئەندامانی لیژنەكەی راسپارد سەردانی مەیدانی فڕۆكەخانەكە بكەن و بەدوادچون بۆ ڕاستییەكان بكەن و، سەرپێچییەكان بەچاوی خۆیان ببینن، پاشان رێككەوتن لەسەر ئاڕاستەكردنی نوسراو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەمەبەستی ئاسانكاریكردن بۆ كاری لیژنەكەو، راپۆرتێكی تێرو تەسەلیش لەبارەی ئەو دۆسییەیە ئامادەبكەن .