بەغداد – اه ع حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن سەرۆكایەتی گفتوگۆكانی نێون هەردوو حكومەتی عێراق و ژاپۆنیان كرد. لای خۆیەوە شینزۆ پێشوازی لەسەردانەكەی عەبادی بۆ ژاپۆن كرد و رۆشنایی خستەسەر ئەوەی كە عێراق وڵاتێكی گرنگە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست و رۆڵی گەورەی گێڕاوە لەشەڕی تیرۆر و سەركەوتنی بەدەستهێناوە. سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن وتیشی كۆبونەوەكانیان ئەنجامی زۆرباشیان هەبووە و بەردەوامیش دەبن لە پشتیوانیكردنی عێراق. لەوەڵامدانەوەی ئەو داوایەی كە عەبادی خستیەروو سەبارەت بە سەقامگیری ئەمن و ئاسایش، شینزۆ بریاریدا ئاستی بوونی مەترسی بۆ گەشتكردنی ژاپۆنییەكان بۆ عێراق كەمبكاتەوە، ئەوەش وا دەكات ژمارەیەكی زیاتری كۆمپانیای ژاپۆنی روو لە عێراق بكەن. هاوكات عەبادی پەرۆشی عێراقی دەربڕی بۆ بەستنی پەیوەندی تایبەت لەگەڵ ژاپۆن، وتیشی چەندین كۆمپانیای ژاپۆنی لە ئێستادا لە عێراقدا كاردەكەن. دەشڵێت عێراق لە قۆناغێكی نوێدایە كە بریتییە لە بنیاتنانەوە و خوازیارن ژاپۆن بەشداری گەورەتر بكات و پێویستیشیان بە هاوكاری تۆكیۆ هەیە لەچەندین بواردا بە تایبەت بواری خزمەتگوزاری و رەخساندنی هەلی كار.