بارزانی : دەبێت لە ماوەی ئەم ساڵەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت

سیاسی
  • 19-11-2022, 17:39
  • +A -A

    هەولێر -INA
    ئەمڕۆ شەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی کرد و دوای بەشداریکردنی لە پرسەی ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی تەقینەوەی تانكی غازی ماڵەکەیان لە گەڕەکی کازیوەی 2 ی شاری سلێمانی گیانیان لەدەست دابوو. 
    هەروەها سەرۆكی هەرێمی نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی باڵا سەردانی نەخۆشخانەی شاریان لە شاری سلێمانی کرد و بریندارەکانی هەمان رووداویان بەسەر کردەوە. 
    دواتر سەرۆكی هەرێمی لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا وتی"هاتنی ئێمە بۆ شاری سلێمانی، بەمەبەستی سەرەخۆشی بوو لە كەسوكاری ئەو قوربانییانەی بەهۆی كارەساتێكەوە لەو شارە ڕوویدا. بە ‌ڕاستی كارەساتێكی گەورە بوو، هەموو كوردستان هەر لە زاخۆ تا دەگاتە خانەقین و هەموو شوێنەكانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیان لە دەرەوە و ناوەوە، هەموومان خەمبار بووین و هەر یەك لە ماڵی خۆیەوە خاوەنی ئەم پرسەیە".
    هەروەها سەرۆكی هەرێمی ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە" ئەوەی‌ پێویست بێت بۆ ئەم خێزانە ئەنجامی بدەین و بێگومان حكوومەتیش ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات، هەر كەسێكیش بیەوێت كاری خێرخوازی بكات، سەرۆكایەتیی هەر حزبێك و هەر كەسایەتییەك بێت، ئێمە سوپاسیان دەكەین، پێخۆشحاڵ دەبین”.
    لەبارەی هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی هەرێمی وتی " پێشتریش وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەركی خۆم نامەم بۆ پەرلەمانی كوردستان ناردووە و هیوادارم حزبەكان لەسەر ئەم بابەتە ڕێككەون. ئێستا تەمەنی پەرلەمان درێژ كراوەتەوە بۆ ساڵێك و بێگومان دەبێت لە ماوەی ئەم ساڵەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".
    نێچیرڤان بارزانی لە بارەی پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی ئاماژەی بەوە كرد كە"تاكە مەرجی سەركەوتنمان یەكدەنگییە. بێگومان ئێمە حزبی جیاوازین و ‌حزبە جیاوازەكانیش بیروبۆچوونی جیاوازیان هەیە و ناكرێت ئێمە بڵێین دەبێت هەموومان وەك یەكتر بیر بكەینەوە".
    سەرۆكی هەرێم وتیشی" ئەوەی گرنگە دەبێت یەك شت لەسەرووی هەمووانەوە بێت، ئەویش ئەوەیە كە دەبێت بەرژوەندیی هەرێمی كوردستان لە سەرووی هەموو حزبایەتی و هەموو شتێكەوە بێت. لەو باوەڕەدام ئێمە دەتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین و گەر لە بەیاننامەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای كۆنگرە ورد ببنەوە، دەڵێن لاپەڕیەكی نوێ دەكەینەوە و دەست بە دانوستان و سەردانی حزبەكان دەكەین و هەوڵی جددی دەدرێت بۆ ئەوەی هەموو كێشەكان بە شێوەی دیالۆگ و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بكرێن. بێگومان سەردانی یەكێتی و حزبەكانی دیكەش دەكەین".