هەولێر –INA
وتەبێژی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند، کە لە ماوەی رابردوودا حەوت ئۆتۆمبێلیان لە شاری ھەولێر دزیبوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2022 هۆگر ئەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "پۆلیسی هەولێر بە بوونی دوو تاوانی دزینی ئۆتۆمبێل ئاگاداركرانەوە لەناو شاری هەولێر لە دوای لێكۆڵینەوە هێزەكانی پۆلیس توانیان دوو تۆمەتبار دەستگیربكەن و ئۆتۆمبێلەكانیش رادەستی خاوەنەكانیان بكەنەوە".
ئاماژەی بەوەكرد "تاوانی یەكەم تۆمەتبار بەناوی (ك، ق، م) كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری مازدای دزیبوو، هەروەها پێشتریش سێ ئۆتۆمبێلی دیكەی لە قەزای خەبات دزیبوو".
ئەوەشی خستەڕوو "تاوانی دووەم تۆمەتبار بە ناوی (ز، س، م) هەستاوە بە دزینی ئۆتۆمبێلێكی جۆری بیم، هەروەها پێشینەی تاوانی هەبووە و پێشتر دوو ئۆتۆمبێلی دیكەی دزیوە".
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسی لەوەشكرد "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا لە شاری هەولێر 32 تاوانی دزینی ئۆتۆمبێل ئەنجامدراوە و توانراوە 30 تاوانیان ئاشكرا بكرێت".