بەغداد - INA
وەزارەتی پلاندانان پێشبینیكرد ڕێژەی دانیشتوان لەعیراق تا كۆتایی ئەمساڵ بۆ 42 ملیۆن كەس بەرزببێتەوە و هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد عیراق نەگەیشتۆتە قۆناغی تەقینەوەی دانیشتوان و ڕێژەی زیادبوون ئاساییە.
عەبدولزەهرە ئەلهنداوی وتەبێژی وەزارەت ئەمرۆ چوارشەممە، بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: بەپێی پێشبینییەكان دانیشتوانی عێراق لەكۆتایی ئەمساڵدا دەگاتە 42 ملیۆن كەس و 50,5 لەسەدی نێر و 49,5 لە سەدی مێیە.
ڕونیكردەوە: پارێزگای بەغدا گەورەترین ڕێژەی بەردەكەوێت بە 9 ملیۆن كەس و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا بە 4 ملیۆن و بەسرەش بە 3 ملیۆن، ئاماژەی بەوەشكرد: پارێزگای موسەننا كەمترین ڕێژەی دانیشتوان تۆماركردووە كە ژمارەی دانیشتوانەكەی ملیۆنێك یان كەمێك كەمترە.
ئەوەشی وت: ڕێژەی گەشەی دانیشتوان لە عێراق بەرزە و مەزەندەی 2,6٪ دەكرێت و بەپێی ئەم ڕێژەیەش ساڵانە ڕێژەی دانیشتوانەكە نزیكەی 850,000 كەسی زیاد دەكات، بەڵام كەمترە لە 10 ساڵ لەمەوبەر كە ڕێژەی گەشەی ساڵانە 3.3٪ بوو.
ئاماژەی بەوەشدا: عێراق نەگەیشتۆتە قۆناغی تەقینەوەی دانیشتوان و ڕێژەی زیادبوونەكەشی ئاساییە و ڕونیكردەوە كە ژمارەی دانیشتوانی ئابووری لە تەمەنی 15 ساڵەوە بۆ 64 ساڵە كە ڕێژەیان لەسەدا 60 زیاترە .