هەولێر-INA
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی پیلانێکی تیرۆریستانی داعش بۆ تێکدانی ئاسایشی ھەرێم شکست پێدەھێنن و لە ئۆپراسیۆنێکیشدا دووچەکداری داعش دەکوژرێن و تیرۆرستێکی داعش کە ژنە بە برینداری دەستگیردەکرێت .
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لهڕاگهیهندراوێكدا كە كۆپییەكی دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوت تێیدا هاتووە "پاش ئەوەی رۆژی 3ی ئهم مانگه سێ تیرۆریستی داعش کە یەکێکیان ژن بو لەقەزای چەمچەماڵەوە بەڕێكەوتن بۆ ناوچەی سەنگاو بە مەرامی بنیادنانی حەشارگەیەک بۆ تیرۆریستانی داعش و ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە شارەکانی ھەرێم کە پێشتر ئامادەکارییان بۆ کردبو تا ژمارەیەک چەکداری تیرۆریستی تر بێنە ناوچەکە، دەست بەجێبەجێکردنی پیلانەکانیان بکەن، ھێزەکانمان لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەخت بەدواداچونیان بۆ جموجۆڵی تیرۆریستان کرد و ناوچەی سەنگاو خرایە ژێر چاودێری وردەوە کەدوای دڵنیابون و وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر، ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی تاوانبارەکان دەستیپێکرد".
هەر بە پێی ڕاگەیاندراوەكە ئەوەیش هاتووە”دەستگیرکردنی تاوەنبارەکان دەستیپێکرد و لەشەوی ٦ / ٧ ی ١١ ی ٢٠٢٢ لە شاخی ئاژداخ لەنزیک گوندی کچان لەناوچەی سەنگاو شوێن و جێگای تیرۆریستان دۆزرایەوە لەکاتی ھەوڵدان بۆدەستگیرکردنیان رووبەڕووی ھێزەکانمان بوونەوە پاش ٣٠ دەقە توانرا ھەردوو تیرۆریست (ک، س م) و ( م ، ع ، م ) بکوژرێت و تیرۆریست ( ش ، ن ، ع ) بە برینداری دەستگیربکرێت .
تیرۆریستی کوژراو (ک، س م) لهدایكبوی ساڵی 1975ه و دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ گەڕەکی ڕاپەڕینە
سهبارهت به زانیاری لەبارەی تیرۆریستەکان، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی رایگهیاندوه، "تیرۆریستی کوژراو (ک، س م) لهدایكبوی ساڵی 1975ه و دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ گەڕەکی ڕاپەڕینە، خێزاندارەو سێ منداڵی هەیە و پێشینەی کاری توندڕەویی ھەبوە و بەیعەتیان بەتیرۆریستانی داعش داوەو پیلانیان ھەبوە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجامبدەن و دوای بنیادنانی حەشارگە چەکدارانی داعش بێنە ناوچەکە".
تیرۆرستی برینداریش بهناوی ( ش ، ن ، ع ) کە رەگەزی ژنە و هاوسەری تێرۆرست ( م ، ع ، م ) بوه
باسی لهوهشكردوه، "تیرۆریستی کوژراو (م ، ع ، م ) دانیشتوی چەمچەماڵ گەڕەکی ڕاپەڕین موالید 1998، خێزاندارە هاوسەرەکەی بەناوی ( ش ، ن ، ع ) ئەندامی گروپەکە بوە، ھەردوکیان بەیعەتیان بە تیرۆریستانی داعش داوە و بەھەمانشێوە مەرامیان بوە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجامبدەن، ههروهها تیرۆرستی برینداریش بهناوی ( ش ، ن ، ع ) کە رەگەزی ژنە و هاوسەری تێرۆرست ( م ، ع ، م ) بەھەمانشێوە فکری تیرۆریستانی داعشی وەرگرتوەو بەیعەتی پێداون و ئامادەبوە بەشداریبکات لە کردەوە تیرۆریستیەکان".