بەغداد – ا ه ع وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەمرۆ دوو شەممە، رایگەیاند یاداشتنامەیەكیان بە هاوكاری رێكخراوی یونسێف ئامادەكردوە و تیایدا "سیاسەتی پاراستنی منداڵان" یان دیاریكردووە. لای خۆیەوە محەمەد شەیاع سودانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە وتەیەكدا بە بۆنەی رۆژی جیهانی بێ سەرپرشتان كە لەچالاكییەكدا لە هۆڵی سەنەتەری نیشتمانی بۆ تەندروستی و سەلامەتی رێكخرابوو، رایگەیاند: وەزارەتەكەی یەكێكە لە دامەزراوەكانی دەوڵەت كە گرنگی بە چینە لاوازەكان دەدات لە نێویشیاندا بێ سەرپەرشتان، لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نێودەوڵەتیش سیاسەت و پلانی دارشتووە بۆ چاودێریكردنی بێ سەرپەرشتان و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆیان. وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی وتیشی بەهاوكاری رێكخراوی یونسێف دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ دامەزراوەكانی تری دەوڵەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی یاداشتنامەیەكیان ئامادە كردوە كە سیاسەتی پاراستنی منداڵان لە خۆدەگرێت.