سیستمی پریپەیدی كارەبا لە سەرتاسەری هەرێم گشتگیر دەكرێت

ناوخۆ
  • 22-10-2022, 17:04
  • +A -A

    هەولێر -INA
    حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، سیستمی پریپەیدی كارەبا لە سەرتاسەری هەرێم گشتگیر دەكرێت و دەڵێت،  ئێستا هەوڵەكان بۆ ئەوەن كە وەرگرتنی كرێی مانگانەی كارەبا بكرێتە پێشوەختە، دەشڵێت، هیچ بڕە پارەیەك لە كرێی كارەباوە زیاد ناكرێت و بە هەمان نرخی ئێستا دەبێت. 
    لە ڕاگەیەنراوێكدا، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان (شەممە 22-10-2022) ڕایگەیاند، " یەكێك لە پڕۆژە‌ گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دانانی سیستەمی سمارت میتەرزی كارەبایە، كە پێوەری زیرەكی پێ دەڵێن و ئێستا ڕێژەی دانانی ئەم سیستەمە لە پارێزگای دهۆك گەیشتووەتە ٩٠% و بڕیار وایە لە سەرجەم هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت."   
    ئاماژەی بەوەشكردووە، "سیستەمەكە چەند سوودێكی هەیە كە كاریگەری راستەوخۆیان لە سەر زیادبوونی كارەبای نیشتمانی هەیە، لە هەمان كاتدا كارەبا كەمتر لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەفیڕۆدەدرێت، سوودێكی دیكەی سیستەمەكە ئەوەیە كە پسوولەی خوێندنەوەی كارەبا و زانیارییەكان بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی و راستەوخۆ لە ماڵانەوە دەبێت، لەبری ئەوەی فەرمانبەرێك بچێت بۆ دیاریكردنی بڕی پارەی كارەبای بەكارهاتوو، هەر بەهۆی ئەو سیستەمەوە سووتان و لەكاركەوتنی تەلی كارەبا بە ڕێژە‌یەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە."   
    ئەوەشی خستووەتەڕوو، " ئێستاش هەوڵەكان بۆ ئەوەن كە سیستەمە بكرێتە پریپەید، واتە وەرگرتنی كرێی مانگانەی كارەبا بە شێوەی پێشوەختە و لەڕێگەی كارتەوە دەبێت."   
    لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوە هاتووە، "سیستەمی پریپەیدی كارەبا لە دوو شوێنی دهۆك جێبەجێكراوە و سەركەوتنی بەرچاوی تۆماركردووە، لە سەنتەری بازاڕی دهۆك، ٣ هەزار و ١١٨ هابەشی كارەبا هەیە كە بە ڕێژە‌ی ٨٠%، سیستەمەكەی تێدا جێبەجێ كراوە، ئەو بازاڕە ٨ مێگاوات كارەبای پێویستە و دەتوانرێت بۆ ماوەی ٢٤ كاتژمێر كارەبای بۆ دابین بكرێت، واتە هاووڵاتیی یان هاوبەش دەتوانێت كارتێك لە سەنتەرەكانی فرۆشتن كە هەر لە نێو بازاڕەكە دانراوە، بكڕێت و ئاگاداری بەكارهێنانی بڕی كارەباكەی و بڕی ماوەی بێت، لە هەمان كاتدا ئەم سیستەمە لە‌ (ئەڤڕۆ سیتی)ـش لە دهۆك لەجێبەجێكردندایە كە  ٤ هەزار و٥٨٦ هاوبەشی هەیە و نزیكەی ٩٨%ـی كارەكانی دانانی سیستەمەكە جێبەجێ كراوە."   
    ئاماژەی بەوەشكردووە، "بەهۆی گەڕانەوەی كارەبایەكی زۆر و بەفێڕۆنەچوونی، لەهەمان كاتدا بەهۆی كەمی سووتان و بەردەوامیی كارەبا لەڕێگەی سیستەمەكەوە، هاووڵاتیان دڵخۆشن بەم گۆڕانكارییە بنەڕەتییە، چونكە خۆیان دەبنەوە كۆنتڕۆڵكەری كارەباكەیان و لەمەودا بەپێی پێویستی خۆیان كارەبا دەكڕن و بەكاریدەهێنن و چیتر فەرمانبەری گەڕۆك ناچێتە نێو سنووری ماڵەكانیان و مەترسی و سووتانی كارەبا و وایەرە سەرەكییەكانیشیان كەم دەبێتەوە و لە هەمووشی گرنگتر پێویستیان بە مووەلیدە نابێت."   
    ڕوونیشیكردووەتەوە، " بوونی ئەم سیستەمە نەبووەتە هۆی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان، چونكە هیچ بڕە پارەیەك لە كرێی كارەباوە زیاد نەكراوە و بە هەمان نرخی ئێستایە."