بهدواداچوون ـ INA
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی روسیا فەرمانێكی سەرۆكایەتی دەركرد و بەگوێرەی بڕیارەكەش لەو چوار ناوچەیەی ئۆكرانیا كە مۆسكۆ بە فەرمی خستونیەتییە سەر وڵاتەكەی، دۆخی نائاسایی رادەگەیەنرێت، هەروەها هاوكاری و دەسەڵاتی سەربازی زیاتریش بە دەسەڵاتدارانی هەر چوار ناوچەكە دەدەرێت بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆیان بپارێزن.
سەرۆكی روسیا دوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەكەی، لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەشكرد، لەكۆماری لۆهانسك و دۆنێستك و هەرێمی خێرسۆن و زاپۆرۆژیا دۆخی نائاسایی رادەگەیەنێت لەدۆخی نائاساییدا سوپا حكومڕانی دەگرێتە دەست و كاركردن بە یاسا مەدەنییەكان رادەگیرێت، بڕیارەكەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی فیدڕاڵی روسیا پەسەندیكرد، راستەوخۆ دەچێتەبواری جێبەجێكردنەوە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەیشكرد كە "رژێمەكەی ئۆكرانیا لە پشت هێرشە تیرۆرستییەكەی تەقاندنەوەی پردی كریمیاوە بوە، بۆیە بڕیارمداوە دۆخی جەنگ لە كۆماری لۆهانسك و دۆنێستك و هەرێمی خێرسۆن و زاپۆرۆژیا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەسەڵاتی زیاتر دەدەین بە حاكمی ئەو ناوچانە بۆ رێكخستنەوەی كارەكان و پشتیوانی زیاتری دامەزراوە سەربازییەكان"